پاڵەوانی کەنداو بۆ بردنەوەیەکی دیکە لە بەغدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک، پاڵەوانی جامی کەنداو لە بەغدایە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات.
 
یانەی دهۆک، دوو رۆژە لە بەغدایە، رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا لەگەڵ یانەی حدوود یەکسانبوو و بەزەحمەت خاڵێکی بەدەستهێنا.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک دەگەڕێتەوە سەر هێڵی یاریگە، دوای ئەوەی تانەی یانەی دهۆک قبوڵکرا و سزاکەی کەمکرایەوە.
 
دهۆک لە 9 یاریی رابردوودا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش بکات، بەتایبەت کە یانەکە شەش یاریی کەمتری لە رکابەرەکانی کردووە.
 
یانەی کارەبا لە دوایین 7 یارییدا 3 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە ئێستا لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یارییەکە کاژێر 19:30 بەڕێوەدەچێت و راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.