بیرۆکەیەکی شێتانە.. پێرێز دەیەوێت ڤینسیۆس بە ئەستێرەیەکی ئارسیناڵ بگۆڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، دوای دۆڕان بە ئارسیناڵ و دەرچوون لە چامپیۆنزلیگ، بیرۆکەیەکی شێتانەی بۆ هاتووە و بەنیازە ئەستێرەیەکی ئارسیناڵ بگوازێتەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو جێگەی ڤینیسیۆس جونیۆر بگرێتەوە!.
دۆڕاندنەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە بۆچوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەبارەت بە پێکهاتەی ریال مەدرید.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی مێرینگێ، سەرۆک پێرێز سەرسامی خۆی بە ئاستی بوکایۆ ساکای یاریزانی ئارسیناڵ نیشانداوە و ئێستا یاریزانە ئینگلیزییەکە لەسەرووی لیستی خواستەکانیدایە، بەڵام ئەم گواستنەوەیە تەنیا لە حاڵەتێکدا روودەدات کە ڤینیسیۆس جونیۆر لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە ریال مەدرید بڕوات.
ساکا لە هەردوو یاریی بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد و مەترسییەکی راستەقینەی بۆ بەرگریکارانی تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی دروستکرد و ئەرکی بەرگریکارانی مێرینگێی زۆر زەحمەت کردبوو.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی ریال مەدرید، سەرۆکی یانەکە لەگەڵ ژمارەیەک کارگێڕیی یانەکەی ئەو دۆخەی تاوتوێ کردووە، ئێستاش ساکا خراوەتە کارنامەی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بۆ ئەوەی کار لەسەر گواستنەوەی بکات.
سەبارەت بە داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر، دۆخی ڤاڵدیبیباس ئاڵۆزە و ئامانجی سەرۆک نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکە بوو، کە لە ساڵی 2027 کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێت سەرسامبوونی بە ساکا ئەو بۆچوونەی بگۆڕێت و بیر لە فرۆشتنی ڤینیسیۆس بکاتەوە و لە شوێنی ئەو ساکا بگوازێتەوە، بەتایبەتی کە گرنگییەکی زۆر لەلایەن یانەکانی سعودیەوە بۆ ڤینیسیۆس هەیە و دەکرێت بە پارەیەکی زۆر پێیان بفرۆشێت.
تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ساکا دانوستاندن لەگەڵ ئارسیناڵ بکات و ڤینی بە ساکا بگۆڕێتەوە.