هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا لەبارەی لامین یامالەوە
رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال نیگەرانییەرکی زۆری لەلای هاندەرانی یانەکە دروستکرد و بە ئەگەری زۆرەوە ئەم وەرزە بۆ ئەو یاریزانە کۆتاییهات.
یامال لە یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە خولەکی 40 گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و راستەوخۆ دوای ئەو گۆڵە، بەهۆی پێکانەوە کەوتە سەر چیمەنی یاریگە و داوای گۆڕانکاریی کرد و پاشان لە یاریگە چووە دەرەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئاماژە سەرەتاییەکان دەریدەخەن یاریزانەکە بەشی پشتەوەی ماسوولکەکانی رانی دڕاوە، ئەمڕۆ پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەتەواوی جۆری پێکانەکەی یەکلاببێتەوە و ماوەی دوورکەوتنەوەشی ئاشکرا ببێت.
چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، ئەم وەرزە بۆ لامین یامال کۆتاییهات و یاریزانەکە بەدرێسی بارسێلۆناوە یاریی ناکاتەوە، تەنانەت زەحمەتە بەشداری لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بکات لە مۆندیالی 2026.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا لە دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێویستە چاوەڕێ بکەین و بزانین چییە، ئەو بەبێ هۆکار دوای تۆمارکردنی گۆڵ لە یاریگە ناچێتە دەرەوە، کەواتە شتێک هەیە و شتێک روویداوە، هیوادارم هێندە خراپ نەبێت، بەڵام پێویستە چاوەڕێ بکەین".
هەر لەبارەی پێکانی لامین یامالەوە، پێدری گوتی "هیوادارم تەنیا چەند هەفتەیەک دووربکەوێتەوە، هیوای باشترینی بۆ دەخوازم، پێویستە ئارام بێت، چونکە ئەو گەنجە و بەدڵنیاییەوە بەباشی چاک دەبێتەوە".
ئەمە چوارەم پێکانی لامین یامالە لەم وەرزەدا تووشی دەبێت، لە سێ پێکانەکەی رابردوودا یاریزانەکە بەشداریی لە 9 یارییدا نەکردووە و 45 رۆژ لە یانەی بارسێلۆنا دوورکەوتووەتەوە.
لامین لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت لە 45 یاریی بارسێلۆنادا بەگشتی 24 گۆڵی تۆمارکردووە و 18 گۆڵی دروستکردووە.