دادگا بڕیاری نوێی لەبارەی دۆسێی گواستنەوەی نەیمار بۆ بارسێلۆنا دەرکرد


رووداو دیجیتاڵ

دادگای باڵای ئیسپانیا، لە تێهەڵچوونەوەی بڕیاری پێشووی دادگایەکی ئەو وڵاتە، دووپاتیکردەوە نەیمار داسێلڤا و ژمارەیەک بەرپرسی بارسێلۆنا، لە تۆمەتەکانی گەندەڵی و فێڵکردن بێتاوانن. لە کاتێکدا ئەوان لە دۆسێی گواستنەوەی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، رووبەڕووی تۆمەتی جیاواز کرابوونەوە.
 
پێشتر دادگایەکی بارسێلۆنا لە 2022 نەیمار و بەرپرسانی پێشووی یانەکەی بەبێتاوان لە تۆمەتەکانی "گەندەڵی لە مامەڵە بازرگانییەکان و فێڵکردن لە رێگەی گرێبەستی وێنەییەوە" ناساندبوو.
 
لە راگەیێنراوێکی دادگاکەدا هاتووە، کە دادگای باڵا پێیوایە "راستییەکان سەلماندیان بەڵگەنامەکانی تۆمەتبارکردن بێناوەڕۆکن".
 
هەروەها دەڵێ، ئێستا جگە لە کۆمپانیای 'دی ئای ئێس'ی بەرازیلی نەبێت، کەس دەستی بەو بەڵگەنامانەوە نەگرتووە، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە خاوەنی 40 لەسەدی مافی گواستنەوەکانی نەیماربووە، کاتێک ئەو لە یانەی سانتۆس بووە.
 
دادگاکە هەروەها دەڵێ، "تاوانی گەندەڵی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا نییە، هەروەها فێڵیش نەکراوە"، نە لەلایەن یاریزانەکە یان نوێنەرەکانی یان یانەی بارسێلۆنا. ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوەی روویدا، "لەچوارچێوەی بڕیارێکی وەرزشییدابووە کە یانەکە هەوڵیداوە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە مسۆگەر بکات و دواتر بڕیاریداوە پڕۆسەی گرێبەستکردنەکە خێرابکات، چونکە چەندین یانەی جیاواز ئەوکات چاویان لە تواناکانی نەیمار بووە و ویستوویانە گرێبەستی لەگەڵدا بکەن".
 
دۆسێیەکە جیا لە نەیمار و دایبابی، هەریەکە لە سەرۆکانی پێشووی بارسێلۆنا، ساندرۆ رۆسێل و جۆزیپ ماریا بارتۆمیۆی دەگرتەوە، ئەمە جیا لە بەرپرسێکی پێشووی یانەی سانتۆسی بەرازیلی و هەردوو یانەکە و کۆمپانیایەک کە خێزانەکەی نەیمار بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەو یاریزانە دروستیان کردبوو.
 
دۆسێیەکە، پێشڤەچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، کاتێک داواکاری گشتی کە پێشتر داوای بەندکردنی بۆ ماوە دوو ساڵ و نیو و سزادان بەبڕی 10 ملیۆن یۆرۆ دەکرد، رازیبوو بە کشانەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی لە دژی تۆمەتباران.
 
سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، کاتێک کۆمپانیای دی ئای ئێس، کە دووپاتیدەکردەوە بارسێلۆنا و نەیمار و خێزانەکەی و یانەی سانتۆس، دەستیان تێکەڵکردووە لە شاردنەوەی بەهای راستەقینەی تێچووی گواستنەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە لە سانتۆسەوە بۆ بارسێلۆنا، لەپێناو فێڵكردن لە دەستەوارەکە.
 
کۆمپانیاکە ئەوکات گوتبووی کە لایەنەکانی گواستنەوەکە لە 2011 گرێبەستی راستەقینەی نێوانیان لە دەسەڵاتداران شاردووەتەوە، ئەوەش وەک ئەو کۆمپانیایە دەڵێ، بووەتە هۆکاری شێواندنی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.
 
بارسێلۆنا، لەسەرەتادا رایگەیاندبوو تێچووی گواستنەوەی نەیمار 57،1 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام دادگای ئیسپانیا وایدانابوو کە تێچووەکە 83 ملیۆن لەسەر یانەکە کەوتووە.
 
کۆمپانیاکە لەسەر بنەمای ئەو تێچووە، داوای 6،8 ملیۆن یۆرۆی لە کۆی 17،1 ملیۆن یۆرۆ دەکرد، کە بەهۆی گواستنەوەکەوە درابووە یانەی سانتۆس، لە بەرامبەردا داوای قەرەبووی دەکرد بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ.
 
دۆسێی ئەو سکاڵایەی کۆمپانیاکە، بە دۆسێی نەیمار 2 ناسرابوو، بۆ جیاکردنەوەی لەو دۆسێیەی دیکەی پەیوەست بەهەمان گواستنەوە هەبوو، کە تایبەتبوو بە خۆشاردنەوە لە باجدان و بە دۆسێی نەیمار 1 ناسرابوو.
 
لە دۆسێی نەیمار 1 دا، یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ دادگا رێکەوت بۆ پێدانی بڕی 5،5 ملیۆن یۆرۆ بۆ داخستنی دۆسێیەکە لە دادگا.