هەولێر دەیەوێت سەرکەوتنەکانی جەوییە رابگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لەبەردەم هەلێکی گرنگدایە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ رکابەرەکانی زیاتر بکات و لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامبێت.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولەکەدا، یانەی هەولێر لە یاریی لووتکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی جەوییەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوە و ئەنجامە باشەکانی ئەو یانەیە رابگرێت.
 
جەوییە لە باشترین کاتەکانیدایە، تەنیا دوو یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاندووە، هەردوو یارییەکەی بەرامبەر تیپە کوردستانییەکان بووە و تەنیا زاخۆ و دهۆک لەو یانەیەیان بردووەتەوە، یانەی هەولێر دەیەوێت ببێتە سێیەم یانە لە پێشەنگی ریزبەند بباتەوە و بردنەوەکانی ئەو یانەیە رابگرێت.
 
هەولێر دوو رۆژە لە بەغدایە و خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات، شێرزوود تێمیرۆڤ و قەڵای زەرد ئامادەبن بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکەن.
 
جەوییە 21 یارییە نەدۆڕاوە، سێ یاریی رابردووی بەسەریەکەوە بردووەتەوە و چاوی لەوەیە زیاتر لە بردنەوەی نازناوی خولەکە نزیک ببێتەوە.
 
جەوییە 69 خاڵی هەیە و یەکەمە، هەولێر بە 59 خاڵ سێیەمە و چوار خاڵ لە شورتەی دووەمەوە دوورە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ تیپە کوردستانییەکە بە جیاوازیی چوار خاڵ پێش یانەی تەڵەبە دەکەوێت.