زاخۆ دەیەوێت کرانە دەرەوەی لە جامی کەنداو قەڕەبوو بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کرانە دەرەوەیان لە جامی کەنداو، یانەی زاخۆ دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات.
 
ئەم ئێوارەیە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی کارەبا دەکات، ئەمە یەکەم یاریی یانەکەیە دوای ئەوەی لە جامی کەنداو بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە یانەی شەبابی سعودی دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.
 
زاخۆ دوو یاریی رابردووی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا نەبردووەتەوە، یانەکە پێویستی بەبەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و کرانە دەرەوە لە جامی کەنداو لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
 
کارەبا لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، یانەکە رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات و 17 یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاندووە.
 
ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە ئامادەین، دەمانەوێت ئاستێکی بەرز بەرامبەر هاندەرانمان پێشکێشبکەین. بەشێکی یاریزانەکانمان یاریی ناکەن، بەڵام شوێنگرەوەی پێویستیمان هەیە و دەتوانن جێگەیان بگرنەوە".
 
راهێنەری زاخۆ زیاتر گوتی "هیوادارم هاندەران لەم قۆناخەدا پاڵپشتیی تیپەکە بکەن و پشت نەدەنە تیپەکەیان."