بارسێلۆنا هەواڵە ناخۆشەکەی بۆ هاندەرانی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا،  بەشێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی بۆ لامین یامال، ئەستێرەی یانەکە راگەیاند.
 
بارسێلۆنا راگەیندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا جۆری پێکانەکەی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەکەی ئاشکرا کرد، کە لە یاریی شەوی چوارشەممە بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا تووشی بوو.
 
لامین یامال، لە یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، گۆڵێکی بەلێدانی سزا تۆمارکرد، دوای ئەوە راستەوخۆ تووشی پێکانبوو و بە ناچاری گۆڕانکاریی پێکرا، دواتر یاریزانەکە راستەوخۆ چووە ژووری جلگۆڕین و بارسێلۆناش هەر بەو گۆڵە سێ خاڵی بردەوە.
 
بارسێلۆنا لە راگەیندراوەکەدا نووسیویەتی "پشکنینەکان کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدراون، ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە لامین یامالی یاریزانی تیپی یەکەم تووشی پێکان بووە ، لە رانی ماسوولکەی دووسەرەی رانی چەپی بووە."
 
هەروەها لە راگەیندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد "یاریزانەکە بە پرۆگرامێکی تایبەت چارەسەری وەردەگرێت و بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە بەشداری لە هیچ یارییەکی دیکەی ئەم وەرزەی یانەکەدا ناکات".
 
بارسا دڵنیایی دەداتە هاندەرانی ئیسپانیا و یاریزانەکە و دەڵێت " لە تەواوی یارییەکانی دیکەی خولەکەدا دادەبڕێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا ئامادە بێت".
 
لامین یامال لە تەواوی یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بێبەش دەبێت، کە شەش یارییە و گرنگترین یارییان کلاسیکۆی بەرامبەر ریال مەدرید دەبێت لە 10ـی مانگی داهاتوو.
 
بارسێلۆنا 6 یاری ماوە، گرنگترینیان کلاسیکۆیە بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریگای کامپ نو کە رەنگە یەکلاکەرەوە بێت. یانە کەتەلۆنییەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر خێتافی یاریدەکات، پاشان ئۆساسۆنا ، دواتر میوانداری ریال مەدرید دەکات لە گەڕی 35 کە چەند رۆژێکە بەدەست دابەزینی ئاستەوە دەناڵێنێت. دوای ئەوە، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ئالاڤێس دەبێتەوە ، پاشان ریال بێتیس لە یاریگای خۆی، دوایین یاری وەرزی خولەکە بەرامبەر ڤالێنسیا کۆتایی پێدەهێنێت.
 
لامین یامال ئەم وەرزە بە ئامارێکی درەوشاوە کۆتایی پێدەهێنێت، بەشداری لە 45 یاریدا کردووە، 24 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 ئەسیستی هەبووە.