ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ: گرێبەستەکەی ئینتەر وەک ئەوەبوو لە بەهەشت واژۆی بکەم

رووداو - هەولێر 

رۆناڵدۆی دیاردە، لە گفتوگۆیەکدا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، لەگەڵ ئەلیساندرۆ دیلپییرۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی یوڤێنتوس، باسی سەردەمی یاریکردنی لە خولی ئیتاڵیا کرد و دووپاتیکردەوە کە بەهۆی ئەو پێکانانەی لە کالچیۆ تووشیان بووە بووەتە پیاوێکی باشتر.

ئەفسانەی بەرازیلی، لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ دیلپیێرۆ باسی رۆیشتنی خۆی لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە بۆ ئینتەرمیلانی ئیتاڵی کرد و گوتی "من گرێبەستێکی نوێم لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆکرد، کەچی دوای 5 رۆژ سەرۆکی بارسا پێیگوتم ناتوانن رێز لەو مەرجانە بگرن کە لە گرێبەستە نوێیەکەدا لەسەری رێککەوتوون".

دیاردە هەروەها گوتی "خۆشبەختانە ئەوەی روویدا هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی ئینتەرمیلان، ماسیمۆ مۆراتیی خاوەنی پێشووی ئینتەرمیلان دەفتەری چەکەکانی بەدەستەوە گرتبوو، منی بردە ئینتەرمیلان، رێککەوتنەکە وەک ئەوەبوو لە بەهەشت واژۆی بکەین".

رۆناڵدۆ هەروەها بە دیلپیێرۆی گوت "کە چوومە ئیتاڵیا، هێشتا کالچیۆ باشترین و بەهێزترین خولی جیهان بوو، ئەوکات هەمووان رێزیان لە خولی ئیتاڵیا دەگرت".

رۆناڵدۆ لە بەشێکی قسەکانیدا بۆ دیلپیێرۆ، باسی پێکانەکانیشی کرد و گوتی "لە خولی ئیتاڵیا تووشی پێکان قورسەکان بووم، بەڵام بەهۆیانەوە بوومە پیاوێکی باشتر".