بارسێلۆنا دەیەوێت بەبردنەوەوە ماڵئاوایی لە لالیگا بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یارییەکانی دوایین گەڕی لالیگا بەڕێوەدەچن، یانەی بارسێلۆنای پاڵەوانی خولەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی دەکات و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دوایین یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدەدات.
 
سەرجەم یارییەکانی گەڕی 38ـی لالیگا لە یەک کاتدا کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچن، بارسێلۆنای پاڵەوانی خولەکە دەبێتە میوانی یانەی ڤالێنسیا.
 
بارسا چەند گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی خولەکە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگای بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ جگە لەوەی یانەکە دەیەوێت بە سێ خاڵەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات، بۆ بلاوگرانا هیچ گرنگییەکی نییە، ڤالێنسیا رکابەری لەسەر گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی دەکات، بۆیە بۆ ئەوان بردنەوە لە یارییەکەدا گرنگە و دەیانەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانیان وەربگرن.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بۆ دوایینجار بەدرێسی بارسێلۆناوە یاریی دەکات، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لە یاریگای کامپ نو ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە کرد.
 
چاوەڕواندەکرێت بۆ یارییەکەی ئەمشەو، هانزی فلیک بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی سەرەکی یەدەگ یاریی بکات و هەلی یارییکردن بداتە ئەو یاریزانانەی لەم وەرزەدا خولەکی کەمیان بۆ یارییکردن هەبووە.
 
بارسێلۆنا لە 12 یاریی رابردوو و لە ساڵی 2020ـەوە هیچ یارییەکی بەرامبەر ڤالێنسیا نەدۆڕاندووە، لە یاریی یەکەمی نێوان هەردوو یانەدا لەم وەرزەدا بارسا بە 6-0 سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو یانەیە بەدەستهێناوە.