رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بەغدا، گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە لووتکەی هەرەمی تۆپی پێی عێراق روویدا و یونس مەحموود، کاپتنی مێژوویی شێرەکانی رافیدەین، بەفەرمی وەک سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێردرا.
لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا کە ململانێیەکی تووند لە نێوان دوو جەمسەری بەهێزی وەرزشی عێراق بەڕێوەچوو، یونس مەحموود توانی زۆرینەی دەنگەکانی ئەندامانی دەستەی گشتی بەدەستبهێنێت. یونس مەحموود بە کۆکردنەوەی 38 دەنگ، سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر رکابەرەکەی، عەدنان درجالدا تۆمارکرد کە تەنیا 20 دەنگی بەدەستهێنا.
عەدنان درجال دوای دڵنیابوونەوە لە ئەنجامەکان و بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست، بە سیمایەکی تووڕەوە هۆڵی کۆبوونەوەکەی جێهێشت و لە کاتی چوونە دەرەوەیدا بەتووڕەییەوە گوتی "پیرۆزە لە حەلبووسی"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی دەستوەردانی سیاسی لە ئەنجامەکان و ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵوێستی ئەندامانی دەستەی گشتی.
ئەم شکستەی عەدنان درجال لە کاتێکدایە، کە ناوبراو لە ماوەی سەرۆکایەتیدا سەرکردایەتی چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ عێراق کردبوو، کە دیارترینیان بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو و سەرخستنی هەڵبژاردەی عێراق بوو بۆ مۆندیال دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، یونس مەحموود وەک سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەستبەکار دەبێت و بڕیارە تاوەکو ساڵی 2030 لەو پۆستەدا بمێنێتەوە و سەرپەرشتی پڕۆژە و پلانەکانی داهاتووی تۆپی پێی عێراق بکات.
ئەم سەرکەوتنەی یونس مەحموود لەکاتێکدایە، کە پێشتر ململانێیەکی میدیایی و یاسایی قووڵ لە نێوان ئەو و عەدنان درجالدا هەبوو. چاودێرانی وەرزشی پێیانوایە ئەمە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە لە بەڕێوەبردنی تۆپی پێی عێراق، بەتایبەت کە یونس مەحموود بەڵێنی چاکسازیی گەورە و گرنگیدانی زیاتر بە خولە نێوخۆییەکان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ