هەڵبژاردنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق.. رکابەریی تووند بۆ سەرۆکایەتییە و کوردێکیش بۆ پۆستێکی باڵا بەربژێرە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەدەچن، رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە تووندە و کوردێک بۆ جێگری سەرۆک بەربژێرە.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کاژێر 14:00 لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، هەڵبژاردنەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەستپێدەکەن و سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێردرێن.
 
دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای ئەو نەخشەرێگایەیە کە لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئاسیاوە پەسەندکراوە.
 
ئەمجارە لە هەڵبژاردنەکان رکابەرییەکی تووند دەکرێت لەسەر بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییەکە و هەردوو جێگری یەکەم و دووەم، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی ئێستای یەکێتی تۆپی پێ و یونس مەحموود، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە لە رکابەرییەکی توونددان و ئەیاد بنیانیش خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
 
جگە لەوە هەریەکە لە سەرمەد عەبدولئیلا، عەلی جەبار، فیراس رازی و حەکیم شاکر، رکابەری لەسەر بردنەوەی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ دەکەن.
 
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ بەربژێر کردووە و رکابەریی هەریەکە لە سەدام عەزیز، عەلی جەبار فازڵ، محەممەد ناسر و یاسر سەعید دەکات بۆ بردنەوەی ئەو پۆستە.
 
 27 کەس خۆیان بۆ پۆستی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتییەکە بەربژێرکردووە، 9 ئەندام دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ببنە ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق.
 
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک و بەربژێر بۆ بردنەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "کارنامەمان ئامادەیە، ئەوە کێشە گەورەکە نییە، کێشەی گەورە ئەو ژینگەیەیە کە کاری تێدا دەکەیت و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژینگەیەکی لەبار نەبوو بۆ کارکردن، کێشەکە ئەوەیە چۆن بەو کارنامەیە کار دەکەیت، هەزار و یەک کێشە هەن، بەتایبەت یانەکانی کوردستان رووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەوە، هەرکەسێک نوێنەرایەتیی کوردستان بکات پێویستی داکۆکی لە مافی یانەکان بکات".
 
عەدنان درجال، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامدا و کارنامەی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتووی یەکێتییەکە راگەیاند و گوتی "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا کاری گەورە کراون، لە هەموو گرنگتر خولی ئەستێرەکانی عێراق و گەیشتنی هەڵبژاردەی عێراق بوو بە مۆندیال".
 
عەدنان درجال بە رۆژنامەڤانانی گوت "متمانەی تەواوم بەخۆم هەیە و رۆژی 25ـی مانگ وەکو سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەچمە ئیسپانیا و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق دەبم".
 
لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا عەدنان درجال گوتی "دژایەتیی هەنگاوەکانی پێشخستنی تۆپی پێی عێراق کراوە، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی دژایەتی عێراق دەکرا بۆ ئەوەی نەگاتە مۆندیال، بەڵام بەڵێنەکەمان بردە سەر و هەڵبژاردەکە سەرکەوت، پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، خزمەتکردنە و بۆ من بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە هەموو شتێک گرنگترە، دەمەوێت خولی ئەستێرەکانی عێراق زیاتر پێشبخەین، یاریگاکانی یانەکان زیاتر پێشبکەون و بەڵێنم وەرگرتووە، زەوی بدرێتە یانەکان بۆ ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و زیاتر چاویان لە دەستی حکومەت نەبێت".
 
عەدنان درجال، نیگەرانی خۆی لە سڕکردنی سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر پێشاندا و گوتی "بەداخەوە کە سەرۆکی یانەی هەولێر لەم کاتەدا سڕکراوە و ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، ئەوە بڕیارێکە دراوە و ناچارین رێزی بگرین".