دوو مەرجی سەرەکیی مۆدریچ بۆ مانەوە لە میلان ئاشکرا کران


رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتی، دڵخۆشیی خۆی بەیارییکردن لە یانەی میلان دووپاتکردەوە، ئاشکرایکرد تەنیا بیر لە سەرخستنی یانەکەی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکاتەوە.
 
مۆدریچ کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بەمیلانەوە کرد، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی هات، دەیەوێت هاوکاریی میلان بکات بۆ سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ.
 
میلان ئێستا پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیای گرتووە، بەڵام سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەرنەکردووە. یانەکانی ناپۆلی، میلان، رۆما، کۆمۆ و یوڤێنتوس ململانێ لەسەر سێ کورسیی وەرزی داهاتووی سێری ئا، لە چامپیۆنزلیگ دەکەن.
 
مۆدریچ لە لێدوانێکدا دەڵێ، "هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە لە میلان زۆر دڵخۆشم، بەڵام گرنگترین شت بەلامەوە ئێستا، یارییەکەی یەکشەممەیە بەرامبەر کالیاری، کە دەکرێ بەهۆیەوە بگەینە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو. هەرچی شتێکی دیکەیە با چاوەڕێبین بزانین چی روودەدات، من پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ یانەکە و کارگێڕیی و راهێنەرەکەیدا هەیە".
 
ئەستێرە کرواتییەکە هەروەها دەڵێ، "کاتێک میلانم هەڵبژارد، ئامانجی سەرەکیم هاوکاریکردنی تیپەکە بوو بۆ بردنەوەی نازناوەکان. ئەمساڵ نەمانتوانی ئەوە بکەین، بەڵام روونە کە من دەمەوێت لەگەڵ میلان نازناوێک بەدەست بهێنم. دووپاتیدەکەمەوە لەم ساتەدا، تەنیا بیر لە یارییەکەی کالیاری دەکەمەوە".
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری وازهێنانی ئەو لە یارییکردن و چوونە پاڵ دەستەی راهێنەرانی یانەکە دەکەن، مۆدریچ دەڵێ، "پەیوەندیم بە ئالێگرییەوە ناوازەیە. بەڵام ئێمە قسەمان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە. من هێشتا چێژ لە یارییکردن وەردەگرم وەک یاریزان، کاتێک بڕیاری وازهێنانمدا، ئەوکات ئیدی بیر لە هەنگاوی داهاتووم دەکەمەوە. بەڵام من تاوەکو ئێستا بیرم لە وازهێنان نەکردووەتەوە، بزانین یەکشەممە چی روودەدات".
 
لوکا پەسنی ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنەری میلانی داوە، ئەو دەڵێ، "ئالێگری راهێنەرێکی مەزنە، ئەو ئەنجام و دەستکەوتی ناوازە و مێژوویی لەگەڵ میلان لە جاری یەکەمی کارکردنی و هەروەها یوڤێنتوس بەدەستهێناوە، ئێستاش لەگەڵ میلاندا کارێکی ناوازە دەکات".
 
لوکا دەڵێ، "ئالێگری ئامادەسازیی ناوازە بۆ یارییەکان دەکات، کەسایەتییەکی تووند و بەهێزی هەیە، من زۆر دڵخۆشم بەکارکردن لەگەڵی".
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، ئەستێرە کرواتییەکە ویستی ئەوەی هەیە ساڵێکی دیکەش لەگەڵ میلان لە یارییکردن بەردەوام بێت، بەڵام دوو مەرجی سەرەکیی هەیە بۆ ئەوە کە یەکێکیان بریتییە لە بەردەوامبوونی ئالێگری لە مەشقدانی یانەکە، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە نەرمیی زۆری پێشانداوە بۆ مانەوە لە پۆستەکەی، بەمەرجی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کارکردن.
 
مەرجی دووەمی لوکا، سەرکەوتنی میلانە بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەگەر میلان نەگاتە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی لە وەرزی داهاتوودا، لوکا لە یانەکە دەڕوات و بڕیاریداوە وەرزێکی دیکە لە یارییکردن بەردەوام بێت، پاشئەوە دەگەڕێتەوە بۆ میلان و دەبێتە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرانی یانەکە.