فلۆریان ڤێرتز: لە پەیوەندیکردنم بە لیڤەرپوولەوە پەشیمان نیم


رووداو دیجیتاڵ

فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی ئەڵمانیی یانەی لیڤەرپوول دوای تێپەڕبوونی وەرزێکی سەخت لە پرێمەرلیگ، دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی وەرزەکە بەبێ نازناو بۆ ئەوان کۆتاییهات، بەڵام پەشیمان نییە لەوەی پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کردووە.


ڤێرتز باس لەوە دەکات بۆ گونجاندن لەگەڵ شێوازی یاریکردن لە ئینگلتەرا کاری زۆری لەسەر بەهێزکردنی توانای جەستەیی خۆی کردووە و پاڵپشتی تەواوی راهێنەرەکەشیان دەکەن.

ڤێرتز هاوینی رابردوو بە گرێبەستێک بەبڕی 100 ملیۆن پاوەند لە بایرلیڤەرکوزنەوە گواسترایەوە لیڤەرپوول. ئەو یاریزانە لەبارەی وەرزی یەکەمی لە ئینگلتەرا بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی گوت "بەهیچ شێوەیەک پەشیمان نیم. من لێرە دڵخۆشم و ئامانجی گەورەم بۆ وەرزی داهاتوو هەیە، چونکە ئەم وەرزە بەو شێوەیە نەبوو کە پلانی بۆ داڕێژرابوو".

لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی دەکرێن، ڤێرتز دەڵێت "پێشتر رەخنەی لەم شێوەیەم نەبینیبوو، تەنیا کاتەکەم بۆ ئەوە بەکارهێنا فێرببم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو شێوازە رەخنانە بکەم و زیاتر کار لەسەرخۆم بکەم تاوەکو کاریگەریم لەسەر یارییەکان هەبێت".

ئەستێرە ئەڵمانییەکە باسی لە سەختی یاریکردن لە پرێمەرلیگ کرد و گوتی "لێرە دەبێت زۆر بەهێزبیت کاتێک تۆپت لایە. زیاتر لە هۆڵی وەرزشی ماومەتەوە بۆ ئەوەی ماسوولکەکانم بەهێزتر بکەم، چونکە خولەکە تووندە و ململانێی زۆری تێدایە".

لەبارەی ئەو مشتومڕەی بەهۆی پۆستێکی محەممەد سەڵاح لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوو، ڤێرتز دەڵێت "سەڵاح کەسێکی راستگۆیە و ئەوەی بیری لێدەکاتەوە دەیڵێت. بەبڕوای من ئەو هێرشی نەکردووەتە سەر کەس، تەنیا ویستی هەمووان لە یانەکە ئاگاداربکاتەوە پێویستە زیاتر کار بکەین و باشتر بین".

ڤێرتز پاڵپشتی خۆی بۆ ئارنێ سلۆت، راهێنەری یانەکەی دەربڕی و رایگەیاند "میدیا و دەستی دەرەکیی هەمیشە هەوڵدەدات کێشە لە نێوان تیپەکە و راهێنەر دروست بکات، بەڵام لای ئێمە وا نییە. ئێمە رۆژانە بەباشی لەگەڵ سلۆت و ستافەکەی کاردەکەین و هەموومان پاڵپشتی دەکەین".

فلۆریان ڤێرتز لەم وەرزەدا لە 48 یارییدا 7 گۆڵ و 8 ئەسیستی هەبووە، ئێستاش چاوی لەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری لە مۆندیال بکات و دەڵێت "ئەمجارە دەمەوێت رۆڵێکی گەورەم هەبێت و بەرپرسیارییەتی هەڵبگرم بۆ ئەوەی یارمەتی هەڵبژاردەکەم بدەم".

یانەی لیڤەرپوول لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ پێویستی بە تەنیا خاڵێکە بۆ ئەوەی بەفەرمی بگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.