خامیس: بۆ ریال مەدرید گریام
رووداو دیجیتاڵ
خامیس رۆدریگێز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی، وردەکارییەکی سەرنجڕاکێش و بڵاونەکراوەی دەربارەی نهێنیی رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرا کرد، کاتێک دووپاتیکردەوە کە زۆر نزیک بووە لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پێش ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر دەستوەردان بکات و رێڕەوەکەی بەرەو بایرن میونشنی ئەڵمانی بگۆڕێت.
ئەم لێدوانانەی خامیس لە چوارچێوەی زنجیرە دۆکیۆمێنتارییە نوێیەکەی بە ناوی James هاتووە، کە لە 3 ئەڵقە پێکهاتووە و لە پلاتفۆرمی نێتفلێکس Netflix نمایش دەکرێت.
یاریزانەکەی پێشووی ریال مەدرید گوتی "کەس ئەمە نازانێت، بەڵام دوای ریال مەدرید بڕیاربوو روو لە مانچێستەر یونایتد بکەم. پاشان خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری یاریزانان پێیگوتم: دەتەوێت بچیتە بایرن میونشن؟ منیش پێمگوت: لەوێ کەی دەرفەتی یاریکردنم دەبێت؟ ریبێری و رۆبن لەوێن...'، ئەویش گوتی: کارلۆ خۆی داوای تۆی کردووە.
ئەو زیادتر گوتی "دواتر کارلۆ ئەنچێلۆتی پەیوەندی پێوە کردم، منیش پێمگوت: پێموایە دەچمە مانچێستەر یونایتد.. کارلۆ لە وەڵامدا گوتی: مانچێستەر یونایتد کۆتایی پێ هاتووە هاوڕێکەم. دەبێت لێرە لە بایرن لەگەڵ من بیت.
سەبارەت بە ساتی جێهێشتنی ریال مەدرید، خامیس پەردەی لەسەر هەستەکانی لادا و گوتی "گەڕامەوە ماڵەوە، زۆر دڵتەنگ بووم، چووم بەتەنیا گریام بۆ ئەوەی کچەکەم نەمبینێت. بەڵام ئەو دۆزیمییەوە و لێی پرسیم بۆچی دەگریم؟ منیش پێمگوت کە دەبێت بڕۆین و پێویستم بەوەیە یانەکەم بگۆڕم. دڵم بەتەواوی شکابوو".