خولی ئەکادیمیای سەرەتایی بۆ راهێنەرانی لەشجوانی بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر خولی ئەکادیمی سەرەتایی بۆ راهێنەرانی لەشجوانی بەڕێوەچوو، کە 260 یاریزان بەشدارییان تێدا کرد و دەرچووی ئەم خولە دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی C و B. 
 
هانی تەها، سەرۆکی یەکێتیی لەشجوانی لە هەولێر، لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەم خولە بۆ رووداو گوتی "ئەو یاریزانانەی بەشدار بوون، بەشێکی زۆریان دەرچووی بەشی پەروەردەی وەرزش بوون، ئەگەر لەم تاقیکردنەوانەدا دەرچوون ئەوا وەک یاریدەدەری راهێنەر لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەتوانن خزمەت بکەن". 
 
هانی تەها، لەسەر فۆکوسی ئەم خولە بۆ رووداو ئاشکرایکرد "ئامانجمان لەم خولە بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشبیری یاریزانەکانە لە هۆڵەکانی لەشجوانی، بۆ ئەوەی بتوانن چۆن کۆرس بۆ یاریزانەکان بنووسن و چۆن بتوانن لەگەڵ یاریزانەکان بەشێوەیەکی پڕۆفێشناڵ مامەڵە بکەن". 
 
سیستمی بەشدارییکردنی تاقیکردنەوەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، سەرۆکی یەکێتیی لەشجوانی هەولێر گوتی "ئێستا سیستمەکە گۆڕاوە، یاریزان بەشداریی خولی ئەکادیمیای سەرەتایی دەکات و دواتر ئەگەر بیەوێت بەردەوام بێت، دەبێتە قۆناخ قۆناخ، قۆناخی یەکەم بە A هەژمار دەکرێت، خولی ئەکادیمیای سەرەتاییش وەک بڕوانامەی B و Cهەژمار دەکرێت".
 
چوارشەممەی رابردوو، تاقیکردنەوەکە بەسەرپەرشتی لیژنەی لەشجوانی بەڕێوەچوو و لە ماوەیەکی نزیکدا، ناوی دەرچووان ئاشکرا دەکرێت و دەبنە خاوەن بڕوانامەی خولی ئەکادیمیای سەرەتایی.