جەنگ هەڕەشە لە بەشداریکردنی ئێران دەکات لە مۆندیالی 2026



رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری بەرپابوونی جەنگ، مەترسییەکی گەورە لەسەر بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە جامی جیهانی 2026 دروست بووە کە بڕیارە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت.
 
هەڵبژاردەی ئێران، لە مانگی سێی رابردوودا، وەک شەشەم هەڵبژاردە سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەر کرد، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، گرژییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە لووتکە و چوارەمین بەشداریی لەسەریەکی ئێرانی لە مۆندیال خستووەتە بەردەم مەترسییەکی راستەقینە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن دوورخستنەوەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو ئەگەری زۆرە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشتریش چەندین هەڵبژاردە لەسەر بنەمای بەشداریکردنیان لە جەنگ لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان دوورخراونەتەوە.
 
پێشتر فیفا هەڵبژاردەی رووسیای بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە بۆ ماوەیەکی نادیار لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی راگرتووە، هەروەها لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، هەڵبژاردەی یوگۆسلاڤیای بەهۆی ململانێکانی بەڵکانەوە لە پاڵەوانێتییەکانی بێبەشکرد.
 
سەرباری ئەمانەش، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش بەشداری بکات، ئەگەری زۆرە بەبێ هاندەر یاری بکات، چونکە ئەو وڵاتە لە لیستی قەدەخەکردنی گەشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە. ئەم بڕیارە رێگری لە گەشتی هاووڵاتییانی چەندین وڵات دەکات بۆ ئەمریکا، لەنێویاندا ئێران. هەرچەندە رەنگە رێگە بە شاندی هەڵبژاردەکە بدرێت، بەڵام ئەمە کێشەیەکی گەورە بۆ رێکخەران دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالەکە، سەربکەوێت و ناچار بێت یارییەکانی قۆناخی داهاتوو لەسەر خاکی ئەمریکا ئەنجام بدات.
 
ئاسەوارەکانی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، لە نێوان ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا لە ئێستاوە کاریگەریی لەسەر وەرزشی ئێران دروستکردووە.
 
مێهدی تاریمی، هێرشبەری ئێرانیی یانەی ئینتەرمیلان، بەهۆی جەنگەوە لە تاران، پایتەختی وڵاتەکەی، گیری خواردووە و ناتوانێت بگەڕێتەوە. تاریمی کە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی پاڵاوتن و وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی ئێران گەڕابووەوە، بڕیار بوو راستەوخۆ بچێتە ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، بەڵام بەهۆی ململانێکانەوە لەوێ ماوەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکان، سەرۆکی یانەی ئینتەرمیلان لە هەوڵدایە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیاوە، رێگەچارەیەک بۆ دەربازکردنی تاریمی بدۆزێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بێسوودن.
 
تاوەکو ئێستا جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ لێدوانێکیان لەسەر بەشدارییکردنی ئێران لە مۆندیال نەداوە.