ریال مەدرید گۆڵپارێزێکی ئەڵمانی گواستەوە ریزەکانی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ خانمان، بە فەرمی گواستنەوەی مێرل فرۆمس، گۆڵپارێزی ئەڵمانی و پێشووی یانەی ولفسبۆرگی راگەیاند و تاوەکو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرد.
گواستنەوەی فرۆمس کە سێیەمین گرێبەستی تیپەکەیە لەم هاوینەدا، هاوکاتە لەگەڵ ویستی یانەکە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گۆڵپارێزی تیپەکە و رکابەرییەکی بەهێز بۆ میسا رۆدریگێزی گۆڵپارێزی سەرەکیی تیپەکە پەیدا دەکات، کە لە ساڵانی رابردوودا هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە شوێنی ئەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا بگرێتەوە.
مێرل فرۆمس 30 ساڵە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە و لە یانەی ولفسبۆرگەوە بە خۆڕایی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد.
فرۆمس لە کاروانی وەرزشیدا، جگە لە دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، چوار جار خولی ئەڵمانیا و حەوت جاریش جامی ئەڵمانیای بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نازناوی جامی جیهانی خوار 20 ساڵان و جامی ئەوروپای خوار 17 ساڵانی بردووەتەوە، هەروەها لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024 میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا و دوای ئەوە وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ئەمە یەکەمین ئەزموونی فرۆمس دەبێت لە دەرەوەی ئەڵمانیا. ئەو وەرزی رابردوو لە 20 یاریدا بەشداریی کرد و تەنیا 15 گۆڵی لێکرا.