ڤیدیۆ؛ سعودیە گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی زێڕین
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی سعودیە خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی جامی کۆنکاف کە بە جامی زێڕین ناسراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ترینداد تۆباگۆ یەکسانبوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکبوونەوە.
دوای 10 خولەک یارییکردن، دانتێ سیالی بە جوانترین شێوە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ترینداد تۆباگۆ تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو بوو.
دوای ئەوە هەڵبژاردەی سعودیە چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی ترینداد و هەوڵیدەدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە.
لە خولەکی 59 فیراس بریکان ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا ترینداد نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، بەڵام لە بەختی سعودیە تۆپەکە بەر ستوون کەوت.
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، سعودیە بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و لە قۆناخی هەشت لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەکسیک دەبێتەوە کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاژێر 05:15 یارییەکە بەڕێوەدەچێت.