بێلینگهام ناڕازی و ماندووە
رووداو دیجیتاڵ
جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید رەخنە لە خراپی یاریگەکانی ئەمریکا بۆ مۆندیالی یانەکان دەگرێت و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر گەرمیی کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان پێشاندا.
دوای بردنەوەیان لە یانەی پاچوکا لە گەڕی دووەمی مۆندیالی یانەکاندا، جود بێلینگهام بە رۆژنامەڤانانی گوت "راستییەکەی، یاریگاکان زۆر باش نین. یەکەم شت، کەشوهەوا زۆر گەرمە. دەزانم ئەمە بۆ هەمووان هەروایە، تەنیا لەبەرئەوەی پرسیارت لێکردم ئەمە دەڵێم، بەڵام یاریگاکان بە هیچ شێوەیەک باش نین. تۆپەکە خاو دەکاتەوە و بە زەحمەت باز دەدات، هەروەها گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەژنۆکان. هیوادارم کەسێک هەبێت ئاوڕ لەمە بداتەوە بۆ جامی جیهانیی ساڵی داهاتوو."
بێلینگهام زیاتر دەڵێت "گرنگە پارێزگاری لە یاریزانان بکرێت، هاوکات دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و یاریی ناوازەی وەک ئەمڕۆش پێشکەش بە هاندەران بکرێت.:
جود لەبارەی ماندووبوونیانەوە گوتی "بەڵێ، بەڵێ بە دڵنیاییەوە. دەزانم کە درێسی نوێ، راهێنەر، یاریزانی نوێ و تیپە نوێیەکە رەنگە هەڵتبخەڵەتێنن و وابزانیت کە وەرزێکی نوێیە، بەڵام تۆ بێگومان هێشتا ماندوێتیی 40، 50، یان 60 یارییت لە قاچەکانتدا ماوە. بەتایبەت لە کۆتایی یارییەکاندا لەم گەرمایەدا، بە دڵنیاییەوە دەتوانیت هەستی پێبکەیت. بەڵام ئەو شێوازەی من ئێستا مامەڵەی لەگەڵ دەکەم ئەوەیە کە تەنیا پێنج یاریی دیکەی پڕ لە کاری قورس و هەوڵدان لەپێشمانە و دەبێت هەموو توانایەکمان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی نازناوێکی دیکە بەدەست بهێنین، کەواتە بە تەواوی شایەنیەتی."
جود بێلینگهام لە یاریی بەرامبەر پاچوکا گۆڵێکی تۆمارکرد و هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ لە مۆندیالی یانەکاندا و بەباشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا.