شەڕی رۆدیگێر و بەرگریکارەکەی پاچوکا لەسەر چی بوو؟
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریکارێکی یانەی پاچوکای مەکسیکی رەتیدەکاتەوە، رەگەزپەرستیی بەرامبەر ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بەکارهێنابێت و ئاشکرای دەکات کە چی بەو یاریزانەی ریال مەدرید گوتووە.
لە دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاچوکا کە ریال مەدرید 3-1 یارییەکەی بردەوە، گرژی لەنێوان گۆستاڤۆ کابرال، بەرگریکاری یانەی پاچوکای مەکسیکی و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکاری ریال مەدرید دروستبوو و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە دوای یارییەکە رۆدیگێر، کابرالی بەوە تۆمەتبارکرد کە سووکایەتیی پێیکردووە و رەگەزپەرستیی لە دژی ئەو بەکارهێناوە، بەڵام بەرگریکارەکەی پاچوکا ئەوە رەتدەکاتەوە.
گۆستاڤۆ کابرال لەو بارەیەوە گوتی "بابەتەکە دەمەقاڵێیەکی زارەکی بوو، ناوبژیوان ئاماژەی بە رەگەزپەرستیدا، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو و وشەیەک کە ئێمە لە ئەرجەنتین زۆر بەکاریدەهێنین "ترسنۆکی نەفرەتلێکراو" ئەوەم بەو گوتووە."
کابرال پێشتر لە ئیسپانیا لە یانەکانی سێلتا ڤیگۆ و لێڤانتی یارییکردووە و دەڵێت "ئەگەر دەتانەوێت گەڕان بۆ وشەکان بکەن، ئەوا دەبینن کە بەردەوام دەڵێم، ترسنۆکی نەفرەتلێکرا، هەستە سەرپێ."
پێشتر چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید رایگەیاندبووە، فیفا رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی رێگری لە سووکایەتی پێکردن و بەکارهێنانی ئەگەری رەگەزپەرستی لە دژی رۆدیگێر بکات.
ئەلۆنسۆ دوای یاریی نێوان هەردوو یانە گوتی "ئێمە پشتگیری ئەنتۆنیۆ دەکەین، چاوەڕواندەبین و فیفا رێکاری خۆی بۆ لێکۆڵینەوە دەگرێتەبەر، ئەگەر مە روویدابێت ئێمە پشتگیری ئەنتۆنیۆ دەکەین، چونکە ئەمە کارێکی قبوڵنەکراو و نابێت چاوپۆشی لێبکرێت."