ڤیدیۆ؛ هامیلتۆن لە فۆرمۆلا وەن پێش ڤێرستاپن کەوت

رووداو دیجیتاڵ

شۆفێری مێرسیدسی بەریتانی و پاڵەوانی پێشووی جیهان، لویس هامیلتۆن، یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەدا بەدەستهێنا، لە قۆناخی پاڵاوتن بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی فۆرمۆلا وەن بۆ ئۆتۆمبێل.
 
هامیلتۆن بە جیاوازییەکی زۆر کەم، کە لە سێ بەشی هەزاری چرکەیەک زیاتر نەبوو، لە پاڵەوانی جیهان ماکس ڤێرستاپنی بردەوە، لە قۆناخی پاڵاوتن بۆ پێشبڕکێی گەورەی هەنگاریا، کە لەسەر پانکی هەنگاروینگ لە بوداپێست بەڕێوەچوو.
 
ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە هاوڕێی هامیلتۆن لە تیپی مێرسیدس، جۆرج روسێل، لەم پێشبڕکێیەدا کێشەیەکی زۆری هەبوو و بەهۆیەوە لە پێشبڕکێی ئەمڕۆدا لە هێڵی 18ـەوە دەست پێدەکات.
 
تیپی ماکلارێن لە ریزی دووەمدا لە دوای هامیلتۆن و ڤێرستاپنەوە دێت، چونکە لاندۆ نۆریس سێیەم خێراترین کات و هاوڕێکەی ئۆسکار پیاستری چوارەم خێراترین کاتی تۆمارکرد.
 
ڤێرستاپن نزیک بوو لە بردنەوەی پلەی یەکەمی قۆناخی پاڵاوتنەکان، کە دەبووە حەوتەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە قۆناخی پاڵاوتنەکاندا، دوای ئەوەی خێراترین کات لە قۆناخی یەکەم و کۆتایی پاڵاوتنەکاندا تۆمارکرد، بەڵام هامیلتۆن لە دوایین بەشی پێشبڕکێیەکەدا زۆر بەخێرایی لێخوڕی و خێراترین کاتی تۆمارکرد.