تایبەت بە رووداو سپۆرتس؛ یانەی زاخۆ بەشداری لە جامی کەنداو دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ بۆ یەکەمجار بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا دەکات و ئەندامێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەوەی بۆ رووداو سپۆرتس پشتڕاستکردەوە.
 
دوای ئەوەی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا و پلەی دووەمی جامی عێراقی بردەوە، یانەی زاخۆ بەشداری لە رکابەرییەکانی جامی کەنداودا دەکات.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، دوای ئەوەی یانەی دهۆک نەیتوانی رێکارەکانی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئاسیا کە پێی دەگوترێت (تەراخیس) لە کاتی خۆیدا تەواو بکات، یانەکە مافی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیادا نابێت و لە شوێنی ئەو یانەی زەورا بەشداری دەکات.
 
ئەندامێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، یانەی شورتە بەشداری لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا دەکات، یانەی زەورا دەچێتە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا و یانەی زاخۆش بەشداری لە جامی کەنداودا دەکات.
 
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پەیوەندیی بە یانەی زاخۆوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردوون، بەبۆنەی بەشداریکردنی یانەکە لە جامی کەنداودا.
 
پەیامنێری رووداو زیاتر گوتی " کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە کارەکانیان بەردەوامدەبن و یانەکە سەرقاڵی دۆزینەوەی راهێنەرێکی بەتوانایە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت."
 
غەریب مەجید، لەبارەی نوژەنکردنەوەی یاریگەی یانەکە رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا دوو لیژنە سەردانی یاریگەی یانەی زاخۆیان کردووە و بڕیار لە نوژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگەی یانەکە دراوە، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ ئامادەبێت.
 
یانەی زاخۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و لە جامی عێراقدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.