ئەلۆنسۆ چاوی لە یاریزانەکانی سوور کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە ئیدی کاتی تووندی و رێکخراوەیی و پابەندبوون دەستپێبکات و بە پەیامێکی روون و راشکاوانە بەشێک لە یاریزانەکانی تووشی شۆک دەکات.
راهێنەرە نوێیەکە بە روونی بە یاریزانەکانی گوتووە، گرێبەستکردن لەگەڵ تۆ مانای یاریکردن ناگەیێنێت و تەنیا باشترینەکان لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەبن.
دوای نائومێدییەکەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان، کە بە شکستێکی گەورە لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان دەرکرا، ریال مەدرید دەستی بە رێکخستنەوەی ریزەکانی کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی نوێ، ئەمەش لەکاتێکدایە چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە بۆ ئەو گۆڕانکارییە ریشەییانەی کە لەوانەیە وەرزی داهاتوو لەنێو یانە شاهانەکەدا رووبدەن.
کارگێڕیی یانەکە بەڕوونی نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێکی هونەری راگەیاندووە، بەتایبەت دوای ئەو ئەنجامانەی کە لە ئاستی خواستی هاندەراندا نەبوون و ئاستی ناڕازیکەری تیپەکە لە هەندێک یاریی چارەنووسسازدا، وایکرد پەلە لە گۆڕانکاری لەسەر ئاستی دەستەی راهێنەران بکرێت.
راهێنەرە نوێیەکە، کە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی رابردوو بەفەرمی ئەرکەکەی وەرگرت، زۆری چاوەڕێ نەکرد بۆ سەپاندنی فەلسەفەی خۆی و دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پلانەکەی، بەڵکو زوو دەستیکرد بە ئاراستەکردنی پەیامی راستەوخۆ و راشکاوانە بۆ هەر یاریزانێکی تیپەکە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، چاڤی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێی ریال مەدرید، کۆبوونەوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی لەگەڵ یاریزانانی تیپەکەدا ئەنجامداوە و تێیدا هەر یاریزانێکی خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکانی خۆی و ئەو رۆڵەی بۆ دیاری کردووە کە لە وەرزی نوێی 2025/2026 پێویستە بگێڕێت.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئەلۆنسۆ بۆ هیچ کەسێک نەرمی نەنواندووە نەکردووە و راستییەکانی لێی نەشاردووەتەوە، بەڵکو تاوەکو ئەوپەڕی روون و شەفاف بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرێبەستەکان زامنی خولەکی یاریکردن ناکەن، بەڵکو ئامادەیی و پابەندبوون لە راهێنانەکاندا دوو فاکتەری یەکلاکەرەوەن بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی سەرەکی.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە ئەلۆنسۆ بەر لە هەمووان بە کیلیان ئێمباپێی گوتووە "شوێنی هیچ کەسێک لە پێکهاتەی سەرەکیدا مسۆگەر نییە، مەگەر بیسەلمێنێت کە شایەنی ئەوەیە".
یەکێک لەو یاریزانانەی داوایلێکراوە خۆی بۆ کێبڕکێیەکی بەهێز لەسەر شوێنەکەی ئامادە بکات، رۆدریگۆیە، کە سەرەڕای درەوشانەوەی لە هەندێک کاتی وەرزەکەدا، راهێنەر پێی راگەیاندووە کە شوێنەکەی لە پێکهاتەی سەرەکیدا مسۆگەر نییە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی دەنگۆکان لەسەر داهاتووی و ناڕوونیی چارەنووسی تاوەکو ئێستا.
لەلایەکی دیکەوە، براهیم دیاز بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵی "یەدەگی ئامادە" و لە پلانی نۆرەپێدان بەکاردەهێنرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێکی پێبدرێت بۆ شوێنێکی جێگیر. هاوکات هانی یاریزانانی وەک راول ئاسێنسیۆ دراوە کە هەوڵی دووقات بدەن ئەگەر دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەنێو تیپەکەدا بەدەستبهێننەوە.
سەبارەت بە گۆڵپارێز ئاندرێ لونین، ئەویش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاگادارکراوەتەوە کە دەرفەتەکانی لە وەرزی نوێدا سنووردار دەبن، مەگەر بارودۆخێکی لەناکاو رووبدات کە گۆڕانکاری لە پێگەی گۆڵپارێزی سەرەکیدا بسەپێنێت.
دۆخەکە هەر بەمەوە نەوەستاوە، بەڵکو شوێنی هەندێک یاریزانی دیکە بەهۆی گرێبەستە نوێیەکانەوە کەوتووەتە مەترسییەوە، لەسەرووی هەموویانەوە دووانەی فێرلان مێندی و فران گارسیا، دوای پەیوەندیکردنی یاریزانی بەهرەمەند ئەلڤارۆ کارێراس، کە ئەمەش لەوانەیە حیساباتی هێڵی بەرگری تێکبدات و ببێتە هۆی گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو.
وادیارە ریال مەدرید رووبەڕووی وەرزێکی لە هەموو روویەکەوە ناوازە دەبێتەوە، نەک تەنیا لە رووی ناوەکانەوە، بەڵکو لە رووی روونیی دیدگا و دیسیپلینێکەوە کە دەستەی راهێنەران دەیسەپێنێت و پشت بەو فەلسەفەیە دەبەستێت کە دەڵێت "لەنێو یاریگەدا شوێن تەنیا بۆ ئەوانە دەبێتەوە کە بەڕاستی شایەنی ئەوەن".