ڤیدیۆ؛ نەسڕ و رۆناڵدۆ جارێکی دیکە بێئومێد بوون
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای ئەوەی بەرامبەر هیلالی رکابەری، جامی سوپەری سعودی لەدەستدا، بە سەرەتایەکی خراپیش دەستی بە وەرزی نوێی خولی رۆشنی سعودی کرد و دوو خاڵی لەدەستدا.
یانەی نەسڕ لە گەڕی یەکەمی خولی رۆشندا لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی رائیدی کرد و بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵیدا یەکسانبوو.
تیپی خاوەن یاریگە باش دەستیپێکرد و دوای چەند هەوڵێک، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی لە خولەکی 34 بە لێدانێکی سەر تیپەکەی بە گۆڵێک پێشخست و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی کریس و هاوڕێکانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا تیپی میوان بڕیاریدا خۆی بەدەستەوە نەدات و هەر زوو گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، کاتێک یاریزانە مەغریبییەکەی، محەممەد فۆزێر لە خولەکی 49ـدا بەسەرکەوتوویی لێدانێکی سزای جێبەجێکرد.
رۆناڵدۆ لە خولەکی 76 گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار بەپاساوی ئۆفسایدەوە گۆڵەکەی رەتکردەوە.
هەردوو تیپ نەیانتوانی جارێکی دیکە تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێننەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات و هەر یەکێکیان خاڵێکی بەرکەوت.
میدیای سعودی دوای یارییەکە باسیان لەوە کردووە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی ئەنجامی ئەو یارییەوە زۆر تووڕە بووە و ئامادەنەبووە لەگەڵ راهێنەر و یاریزانە هاوڕێکانی بگەڕێتەوە ژووری جلگۆڕینی تیپەکەیان.