ئەلۆنسۆ بۆ رزگارکردنی تیپەکەی پێرلۆی دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید هێشتا بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت ببێتە 'مێشکی تیپەکە'ـی، بۆ ئەوەی کێشە ئاڵۆزەکەی ریال مەدرید لەنێو یاریگادا چارەسەر بکات. باشترین چارەسەریش پێرلۆی بلاکبێرنە.
چاپی ئەلۆنسۆ، هەر لە گەیشتنییەوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، خواستی روونی خۆی بۆ کڕینی یاریزانێک بەتایبەتمەندی "مێشکی تیپەکە" دەربڕیوە، ئەو رۆڵەی کە یەکەمجار ناوی مارتن زوبیمێندی دەهێنرا، بەڵام دواتر پەیوەندی بە یانەی ئارسیناڵەوە کرد.
بەپێی میدیای ئیسپانی، ریال مەدرید هێشتا ئەو پارچە ونبووەی بەدەستنەهێناوەتەوە. راستە ناوەکانی وەک ڤیتینیا، فابیان رویز، پێدری یان تەنانەت زوبیمێندی بە پلەی جیاواز ئەم رۆڵە دەگێڕن، بەڵام هیچ یاریزانێک لەناو تیپەکەدا بۆ ئەم رۆڵە تەرخان نەکراوە.
لە بەرامبەردا ئاردا گولەر کار لەسەر پەرەپێدانی خۆی لەم ئاراستەیەدا دەکات و نیشانەی ئومێدبەخشی پیشانداوە، لەکاتێکدا دانی سیبایۆس بەشێوەیەکی سروشتی زیاترین توانای هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە دەزانێت کە "مێشکی تیپەکە" ئەو پارچەیەیە کە پڕۆژەکەی چاپی پێویستی پێیەتی.
بازاڕ بژاردەی سەخت پێشکێش دەکات، یان بەهۆی نرخە بەرزەکانەوە، یان لەبەر ئەوەی کاتەکە زۆر درەنگە، یان چونکە ناوە بەردەستەکان کارگێڕیی یانەکە پێیان رازی نین و کارگێڕیی ریال مەدرید بڕوای بەوە نییە پەنا بۆ چارەسەری کاتی ببات.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە کە لەنێو ناوە پێشنیازکراوەکاندا، ئادەم وارتن، ئەستێرەی کریستاڵ پاڵاس دەردەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە بژاردەکانی وەک ئینزۆ فێرناندێزی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی چێڵسی، تەمەن 24 ساڵان، ماک ئالیستەری یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی لیڤەرپوول، تەمەن 26 ساڵ، یان نیکۆلۆ بارێلای یاریزانی ئیتاڵیی یانەی ئینتەرمیلان، تەمەن 28 ساڵ، دەتوانن چارەسەری ئامادەتر لە وارتن پێشکەش بکەن، بەڵام بڕوای تەواو لەسەر هیچ کامیان دروست نەبووە بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان خێرا بکرێن.
هەروەها ناوی وەک کیس سمیتی یاریزانی یانەی ئەلکماری هۆڵەندی، تەمەن 19 ساڵ، یان هۆگۆ لارسنی یاریزانی یانەی ئاینتراخت فرانکفورت، تەمەن 21 ساڵ، پێشتر خراونەتەڕوو، بەڵام زیاتر وەک گرەوی درێژخایەن دەمێننەوە نەک چارەسەری خێرا.
بەڵام وارتن، کە نازناوی 'پێرلۆی بلاکبێرن'ـی لێنراوە، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵانە و توانایەکی گەورەی نیشانداوە، دوای ئەوەی سەرکردایەتی هێڵی ناوەندی کریستاڵ پاڵاسی کرد بۆ بردنەوەی جامی ئینگلتەرا و قەڵخانی خێرخوازی، لەگەڵ بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئینگلتەرا، بەڵام نرخەکەی، کە لە 80 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نییە، هاوکێشەکە بە تەواوی دەگۆڕێت، چونکە ریال مەدرید ئێستا خەرجییەکی گەورە ناکات ئەگەر داهاتی گونجاو بەردەست نەبێت. تەنانەت ئەگەر ئەوەش رووبدات، هێشتا قورسە گرێبەستێک بەم قەبارەیە لە ماوەیەکی کورتدا بگاتە ئەنجام، ئەمەش واتە نزیکترین بژاردە گەڕانە بەدوای چارەسەردا لەناو خودی یانەکەدا.
چارەسەری ناوخۆیی بۆ ریال مەدرید واقیعیتر دیارە، ئەویش لەڕێگەی خێراکردنی پرۆسەی گۆڕینی ئەرکی ئاردا گولەر، کە لە جامی جیهانیدا توانای کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی زیاتری پیشان دا وەک لەوەی تەنیا دروستکەرێکی یاستەوخۆی یاری بێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئێدواردۆ کاماڤینگا، کە لەڕووی جەستەییەوە بەهێزترین یاریزانی هێڵی ناوەندە، بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت، بەڵام گرەوکردن لەسەری ئاڵنگارییەکی نوێیە بۆ چاپی، کە پێیوایە دەتوانێت باشترین تواناکانی لێ دەربهێنێت.
هەروەها روونیکردووەتەوە کە بژاردەی دیکەش هەن وەک بەشداریکردنی دین هاوسن لە پێگەی ژمارە 5 'ناوەندی بەرگریکار'، یان زیادکردنی ترێنت ئەلێکساندەر-ئارنۆڵد لە رۆڵی بەرگریکاری باڵدا کە بەشداری لە دروستکردنی یاریدا دەکات.
لەوانەیە ئەلۆنسۆ بەدوای بژاردەیەکدا بگەڕێت لەنێو یاریزانانی کاستیادا (تیپی دووەمی ریال مەدرید)، وەک گۆنزالۆ کە وەرزی رابردوو تواناکنی تەقییەوە، یان تیاگۆ پیتارچ کە سەرنجی راکێشا، یان مانوێل ئانخێل کە ئەویش خاوەنی توانایەکی زۆر باشە.