6 نهێنی شاراوە لەسەر باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

رووداو دیجیتاڵ

 

لەوانەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەوە ناسراوبێت کە بووە بەیەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە هەموو سەردەمەکاندا، لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، ریال مەدرید، یوڤێنتوس و نەسڕی سعودی، بەڵام ژیانی منداڵیی خۆی زۆر زۆر دووربووە لەو ژیانە گرانبەها و خۆشەی کە ئێستا ئەو یاریزانە ملیاردێرە تێیدا دەژی.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە ساڵی 1985 لە خێزانێکی کرێکار، لە  شاری مادێرای پۆرتوگالی لەدایکبووە، و پێشتر بەشانازییەکی زۆرەوە باسی ئەوەی کردووە، بەڵام لایەنێکی کارەساتبار لە سەردەمی منداڵیی رۆناڵدۆدا هەیە کە زۆرجار چاوپۆشی لێدەکات، و ئەوەش پەیوەندی بە باوکە مەیخۆرەکەیەوە هەیە، خۆسێ دێنیس ئاڤێرۆ.
 
باوکی رۆناڵدۆ کێیە و چ نهێنییەک هەیە، کە بە روونی لەسەری بڵاوناکرێتەوە؟ سەرەڕای کاریگەرییە گەورەکەی لەسەر ژیانی وەرزشیی ئەستێرە بەنێوبانگەکەی پۆرتوگال؟ کە لە خوارەوە ئەو نهێنییانە باس دەکەین:
 

سەربازێکی دڵسۆز
 
باوکی رۆناڵدۆ سەربازێکی پێشوو بوو و لە جەنگێکی کۆلۆنیالیزمدا شەڕی کردووە لە کاتی هەوڵدانی پۆرتوگال بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی ئەنگۆلا لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆی.
 
بەڵام ئاڤێرۆ دڵسۆز بوو بۆ وڵاتەکەی، تا دواساتەکانیش بەرگەی شەڕی گرت، تا ئەوکاتەی خزمەتی سەربازی تەواوکرد و بەرەو ئەو شوێنەی کە ژن و منداڵەکانی لێی بوون بەڕێکەوت.
 
مەیخۆر
 
بەهۆی ئەو دیمەنە ترسناکانەی لە شەڕ و لە کاتی سەربازیدا بینیویەتی، ئاڤێرۆ خۆی وەک ئاڵوودەیەکی مەی بینییەوە، کە نەیدەتوانی نەیخواتەوە.
 
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کار بگاتە ئەوەی کە هێندە زۆر کحول بخواتەوە تاوەکو دواجار بەهۆیەوە ژیانی لەدەست بدات، بەڵام پێش ئەوەی ئەو کارە بکات جێپەنجەیەکی نەسڕاوەی لەسەر ژیانی کریستیانۆی کوڕەکەی بەجێهێشت.
 
تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ئاڤێرۆ جلەکانی تۆپی پێی کوڕەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت مەی بکڕێت، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی ئەو باوەڕەی لەدەستبدات کە بەگوتەی خۆی کوڕەکەی دەبێتە "باشترین یاریزانی جیهان".
 
ئەو پیاوە هەرگیز لە باسکردنی ئەمە بۆ هاوڕێکانی لە باڕەکاندا نەدەوەستا و هەمیشە پێیوابوو رۆناڵدۆ دەبێتە یەکێک لە گەورەترین یاریزانانی جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ ئەوەی خۆی رزگاربکات لەپێناو کوڕەکەی و خێزانەکەی.
 

توندوتیژی خێزانی نەخوازراو
 
ئێ ئێس پی ئێن، لە راپۆرتێکی پێشوودا پشتڕاستی کردووەتەوە کە باوکی رۆناڵدۆ باوکێکی بەبەزەیی و دڵسۆز بووە بۆ منداڵەکانی، خۆشی دەویستن و لەئامێزی دەگرتن، هەرگیز جارێک لە یەکێکیانی نەداوە.
 
بەڵام دۆخەکە بۆ ماریا دۆلۆریسی هاوژینەکەی، واتا دایکی رۆناڵدۆ بەو شێوەیە نەبوو، کە بەرگەی توندوتیژییەکی زۆری خێزانی دەگرت و نزیکەی رۆژانە لەلایەن هاوژینەکەی، واتا باوکی رۆناڵدۆوە لێی دەدرا.
 
هۆکاری سەرکەوتنی رۆناڵدۆ
 
سەربازە کۆنەکە یەکێکبوو لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی رۆناڵدۆ، ئەگەر بە ناڕاستەوخۆش بێت، بەو پێیەی ئەو شتانەی بەسەریدا هاتن، لە کارکەوتنی گورچیلە و مردنی دەستبەجێی بوونە پاڵنەرێک بۆ رۆناڵدۆ کە لە ژیانیدا کۆششی زیاتر بکات.
 
ئەوکات رۆناڵدۆی یاریزانی مانچێستەر یونایتد هەوڵی رزگارکردنی باوکی دا و بە فڕۆکەیەکی فریاکەوتن گواستەوە بۆ لەندەن، بەڵام بێسوود بوو. ئیدی لەو کاتەوە یاریزانی ئێستای یانەی نەسڕ مەیخواردنەوەی لە خۆی حەرام کردووە و لە ساڵی 2005ـەوە هیچ جۆرە مەییەکی نەخواردووەتەوە.
 
بەدڵنیاییەوە ئەم رووداوە یەکێکبوو لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی رۆناڵدۆ، چونکە یاریزانێک ئەو جۆرە پابەندبوونەی هەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مەی، بەڕاستی دەتوانێت هەموو شتێک بکات.
 
باوکی کریس پاککەرەوە بوو
 
بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی باوکی رۆناڵدۆ و خراپیی بارودۆخی ئابووری پۆرتوگال، کە لەو کاتەدا لە شەڕ گەڕابووەوە، باوکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ کارێکی نەدۆزییەوە کە بتوانێت بیکات و مووچەیەکی باشی دەستبکەوێت جگە لەوەی بڕوات بۆ کارکردن وەک خزمەتگوزار لەگەڵ تیپی ئەندۆرینها، کە ژووری جلگۆڕینەکانی پاکدەکردەوە و درێسی یاریزانەکانی دەشوشت.
 
جێگای داخ لێرەدا ئەوەیە کە رۆانڵدۆی کوڕی تەنیا هەرزەکارێک بوو، و یاری بۆ ئەو تیپە دەکرد، بەڵام کارکردنی باوکی لەو تیپە بووە هۆکاری ئەوەی کە رۆناڵدۆ بەرگەی زۆر توانج و گاڵتەجاڕی و رەخنەی هاوڕێکانی بگرێت.
 

باوکی رۆناڵدۆ بە گوتەی خۆی
 
ژمارەی ئەو جارانەی رۆناڵدۆ باسی باوکی کردووە زۆر کەم بووە، بەڵام لە هەڤپەیڤینە بەنێوبانگەکەیدا، کە ساڵانێک لەمەوبەر لەگەڵ پیێرس مۆرگان کردی، رۆناڵدۆ ناچاربوو سەیری هەڤپەیڤینێکی پێشووی باوکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنێکی نەرویجی بکات و ببینێت، کە کەمێک پێش مردنی باوکی ئەنجام درابوو.
 
باوکی رۆناڵدۆ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، دەڵێت "شانازی بە کوڕەکەمەوە دەکەم، ناتوانم لە تەنیشتی بم (لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2004)، بەڵام دایکی ئاگاداری رۆناڵدۆ دەبێت، وەک پاسەوان خزمەتی دەکات، ئەویش گرنگییەکی ناوازەی لێوەردەگرێت".
 
رۆناڵدۆ لەو هەڤپەیڤینەدا بە گریانەوە، دەڵێت "هەندێکجار کاتێک باسی باوکم دەکەم، وشەی گونجاو نادۆزمەوە بۆ ئەوەی بڵێم کە چۆن بووە".
 
کریس بەردەوام دەبێت لە گریان و دەڵێت "هەرگیز ئەو ڤیدیۆیەم نەبینیوە، باوەڕپێنەکراوە. بڕوام نەدەکرد دەگریێم، من بەتەواوی باوکی خۆم ناناسم".
 
دۆن لەو هەڤپەیڤینەیدا ئاماژەی بەوەشکرد "باوکم هەمیشە سەرخۆش بوو، نەمتوانی جارێکیش لە گفتوگۆیەکی ئاساییدا قسەی لەگەڵ بکەم، کارێکی قورس بوو، ئەو دەیزانی کە من لە تۆپی پێدا باش دەبم، ئەمە دڵتەنگ و نیگەرانم دەکات (بەگریانەوە) چونکە نایبینێت کە من ژمارە یەکم، نابینێت کە من خەڵاتەکان دەبەمەوە".