فاریاس لە راهێنەرایەتیی دهۆک دوورخرایەوە و رووداو سپۆرتس هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

23-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرجیۆ فاریاس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک دوورخستنەوەی سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری یانەکەی دوای ئەنجامدانی تەنیا دوو یاری راگەیاند.
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دوورخستنەوەی راهێنەرە بەرازیلییەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی "بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستی راهێنەری یانەکەمان سێرجیۆ فاریاس هەڵوەشێنرایەوە، کارگێڕیی یانەی دهۆک سوپاسی راهێنەرەکە دەکات بۆ ئەو ماوەیەی سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی یانەکەی کرد."
 
دهۆک لە راگەیێنراوەکەدا دەڵێت "لە شوێنی فاریاس، سلێمان رەمەزان لە ماوەی داهاتوودا تیپەکە بەڕێوەدەبات."
 
دوورخستنەوەی سێرجیۆ فاریاس، لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی دهۆک لەکاتێکدایە یانەکە تەنیا دوو یاریی لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامداوە، هەردوو یارییەکەی بەرامبەر یانەکانی گەرمە و شورتە دۆڕاندووە و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەرانی لێکەوتەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، هۆکاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنی راهێنەرەکە بووە لەگەڵ یاریزانانی یانەکە.
 
یانەی دهۆک لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، رۆژی شەممە بەرامبەر یانەی کەرخ یاری دەکات و ئەوە دەبێتە یەکەم یاریی یانەکە دوای گەڕانەوەی سلێمان رەمەزان بۆ سەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی یانەکە.
 
وەرزی رابردوو دوای رۆیشتنی مەسعود میراڵ لە یانەکە، سلێمان رەمەزان بووە راهێنەری یانەی دهۆک و لەگەڵ یانەکە نازناوی جامی عێراقی بەدەستهێنا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە