دێمبێلێ بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر چی گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لە دوای بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر دەڵێت "کە گەورە دەبیت تێدەگەیت نازناوە بە کۆمەڵەکان لە خەڵاتی تاکەکەسی گرنگترن و لە داهاتوودا لامین یامالی دەتوانێت باڵۆندۆر بباتەوە."
 
دێمبێلێ دوای بردنەوەی خەڵاتەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی " بێگومان کاتێک گەنجیت، بیر لە بردنەوەی ئەو نازناوانە دەکەیتەوە. پاشان، کاتێک گەورە دەبیت، تێدەگەیت کە نازناوەکانی تیپ گرنگن. بەڵام کاتێک گەنجیت، هیوای بردنەوەی چامپیۆنز لیگ، جامی جیهانی و بوون بە باشترین یاریزان کە دەتوانیت، دەخوازی. بردنەوەی باڵۆن دۆر نایابە."
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە گوتی "سەرسورهێنەرە کە گوێبیستی هەموو ئەو ئەفسانە فەرەنسییانەی تۆپی پێ بیت کە ئەم جامەیان بەدەستهێناوە. نوێترینیان کەریم بێنزیمایە، یان زێنەدین زێدان، ئەوان ئەفسانەی گەورەن. سەرسورهێنەرە کە ببیتە بەشێک لەم لیستە. بەڵام پێموایە یاریزانی فەرەنسی زۆرتریش دەخرێنە سەر ئەم لیستە. لە هەموو حاڵەتێکدا، هیوادارم لیستەکە درێژتر بێتەوە."
 
براوەی باڵۆندۆر لەبارەی گریانەکەی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا رەتیکردەوە بە پلان بووبێت و گوتی "پلانی گریانم لە رێورەسمەکەدا نەبوو. دەمویست بەهێز بمێنمەوە و سوپاسی هەمووان بکەم. بەڵام هەر کە دەستم کرد بە قسەکردن دەربارەی خێزانەکەم، ئەوانەی لە سەرەتاوە لەوێ بوون، سۆزەکانم زاڵ بوون بەسەرمدا و کەمێک شکام."
 
دێمبێلێ زیاتر دەڵێت "ئەگەر روویدا و نازناوی تاکەکەسی ببەیتەوە، نایابە، بەڵام وەک راهێنەر دەڵێت، عەقڵیەتی راهێنەر، لویس ئێنریکێ، ئەوەیە کە نازناوەکانی تیپ گرنگترین شتن و ئەوەش دەبێتە هۆی نازناوی تاکەکەسی. پێموایە ئەوەی دەبێت بکرێت ئەوەیە کە سەرنج بخرێتە سەر تیپ، پاسی یەکلاکەرەوە بدرێت، گۆڵ تۆمار بکرێت، بەرگری بکرێت، هێرش بکرێت و هتد. پاشان، ئەگەر پاداشت کرایت، نایابە."
 
لەبارەی هەڵبەز و دابەزی ژیانی وەرزشیی عوسمان بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە کاروانی یاریکردنمدا، زۆر ساتەوەختی سەخت و ساتەوەختی باشیشم هەبووە، بەڵام ئەوە ژیانی رۆژانەیە، چ یاریزانی تۆپی پێ بیت یان تەنیا ژیانێکی ئاسایی بژیت، ئاوا دەبێت. لە ژیاندا ئاستەنگ هەن کە دەبێت زاڵ بیت بەسەریاندا و ئەوەتا، من زاڵ بووم بەسەریاندا."
 
عوسمان دێمبێلێ، لەبارەی لامین یامال، رکابەری سەرەکیی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە دەڵێت " لامین یاماڵمان بینی هەموو وەرزەکە یاری دەکات. گەنجێکی نایابە، یاریزانێکی نایابە کە پێگەیشتووییەکی زۆری هەیە. پێموایە ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بروات، ئەویش نازناوی زۆر بەدەست دەهێنێت، وەک باڵۆن دۆر. کێبرکێیەکی گەورە بوو. پاشان یاریزانەکانی تریش هەبوون. رکابەرییەکی گەورە بوو."