دهۆک ئەمڕۆ بۆ یاریی نەورۆز دەچێتە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی نەورۆز بەردەوامە و دەیەوێت کۆتایی بە ئەنجامە خراپەکانی بهێنێت.
تیپەکە رۆژانە لە یاریگەی دووەمی یانەکەدا مەشق و ئامادەکارییەکانی دەکات و دەیەوێت بەباشترین شێوە بۆ یاریی رۆژی شەممە بەرامبەر یانەی نەورۆز ئامادەبێت.
دهۆک لە دۆخێکی خراپدایە لە رۆی ئەنجامەوە و هەر چوار یارییەکەی رابردووی دۆڕاندووە و دەیەوێت بەرامبەر یانەی نەورۆز یەکەم سەرکەوتن لەم وەرزەدا بەدەستبهێنێت و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
ئەمە یەکەم یاریی دهۆک دەبێت، لەژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری نوێی یانەکە، دوای ئەوەی لە شوێنی سلێمان رەمەزان بووە راهێنەری یانەی دهۆک.
جگە لە بۆلی جونیۆر سامبۆ، کە لە یاریی رابردوودا کارتی سووری وەرگرتووە، سەرجەم یاریزانەکانی دهۆک بۆ ئەم یارییە ئامادەن و یانەکە دەیەوێت یەکەم بردنەوە لەم وەرزەی خولەکەدا تۆماربکات.
سائد سوێدان، یاریدەدەری راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداو سپۆرتسی گوت "لە چەند رۆژی رابردوودا پەرچەکرداری زۆری باشی یاریزانمان بینی. یاریزانەکان هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەن و دەیانەوێت رووخساری تیپەکە لە یارییەکانی سەرەتای وەرزدا بگۆڕن، چونکە ئەوەی بینرا رەنگدانەوەی ئاستی دهۆک نییە، بەرارورد بەوەی وەرزی رابردوو پێشانیداوە."
یاریدەدەری راهێنەری یانەی دهۆک زیاتر دەڵێت "بێگومان تۆپی پێی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە چێژی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی ئاستی تیپەکانی کوردستان و هەروەها ئەو لێشاوەی جەماوەر کە لە یاریگەدا ئامادەدەبن و جوانیەکی ناوازەی بەخولی عێراق بەخشیووە. هەموو کات دێربییەکانی کوردستان بۆ هەردوو تیپ قورسە، بەڵام ئێمە دڵنیاین لەوەی یاریزانەکانمان دۆخی پێشووی خۆیان بەدەستدەهێننەوە و تیپی دهۆک کەسایەتییەکی بەدەست دەهێنێتەوە و پشتبەخوا یارییەکە دەرچوونمان دەبێت بەرەو قۆناخەکانی داهاتووی خولەکە."
رۆژی شەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 20:30 هەردوو یانەی دهۆک و نەورۆز لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.