کۆڤان حەسەن دەبێتە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق

رووداو هەولێر 

کۆڤان حەسەن، وەرزشڤانی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، پاش ساڵانێک رکابەریی لە هەڵدانی رم و بەدەستهێنانی میدالیای زێڕی پارائۆڵۆمپی، رووی لە تۆپی پێ کرد و دەڵێت "دەمەوێت ئاستێکی باش پێشان بدەم".
 
کۆڤان لە دایکبووی 1988ـە لە گوندی زیلکا فاخۆی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێیە، لە ماوەی پازدە ساڵ یاریکردنی لە هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی پارائۆڵۆمپی عێراق، دەیان میدالیای زێڕ و زیوی وڵاتانی عەرەبی بردووەتەوە، باڵکێشترین نازناوی بردنەوەی دوو میدالیای زیو و سێ میدالیای بڕۆنزە لە پاڵەوانێتیی جیهان، لووتکەی دەستکەوتەکانی کۆڤان لە ساڵی 2016 بوو کاتێک میدالیای زێڕی هەڵدانی رمی پارائۆڵۆمپیی ریۆی لە بەرازیل بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی کورتەباڵایانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن دەکات، کۆڤان حەسەنیش بانگهێشتی تیپەکە کراوە و گۆڵپارێزی سەرەکیی تیپەکەیە. 
 
کۆڤان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هەرچەندە لیژنەی پارائۆڵۆمپی عێراق و راهێنەرانی گۆڕەپان و مەیدان زۆر حەزیان بە مانەوەم لە یاریی هەڵدانی رم کرد، بەڵام پێموایە کاتی ئەوە هاتووە بوارێکی دیکەش تاقیبکەمەوە و روومکردە یاری تۆپی پێ، بەهۆی بەهێزی قوڵ و باسکم لە تاقیکردنەوەی هەڵبژاردەی عێراق دەرچووم و بوومە گۆڵپارێزی سەرەکی". 
 
هەڵبژاردەی کورتەباڵاکانی عێراق لە کۆمەڵەی یەکەمی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئوردن، لوبنان و سوریا دەکات، تیپەکە هەفتەیەکە لەنێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکارییە لە بەغدا.
 
وەرزشڤانە کوردەکە زیاتر روونیکردەوە "رکابەرمان نییە و بەربژێری سەرەکین بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە، وەک خۆم دەمەوێت لە تۆپی پێش دەسکەوتی گەورەم هەبن".
 
کۆڤان حەسەن، تاکە یاریزانی کوردە لە ریزی هەڵبژاردەی کورتە باڵاکانی عێراق، دەرچووی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدینە.