دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان دەیەوێت پشکی لە ریال مەدرید هەبێت

رووداو دیجیتاڵ

 

دەوڵەمدندترین پیاوی جیهان لە ساڵی 2024 دەیەوێت پشکی هەبێت لە یانەی ریال مەدرید و یانەی شاهانەش لاری نییە لە فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی بەو دەوڵەمەندە.
 
 ئەمڕۆ یەکشەممە، ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات بۆ بەستنی کۆمەڵەی گشتی یانەکە، لەنێو چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ راگەیاندنێکی گرنگ لەلایەن سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە، کە رەنگە لەوانەیە بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی بکاتەوە.
 
ئەندامانی یانەکە خاوەندارێتی ریال مەدرید دەکەن، هەروەها سەرۆک بودجەی گشتی تیپەکە دەخاتە بەردەم کۆمەڵەی گشتی، کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی بێت بە داهاتێک کە ملیارێک و چارەکێک ملیار یۆرۆ تێدەپەڕێنێت.
 
دوای نوێکردنەوە و پەرەپێدانی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و کردنەوەی بەڕووی نمایشە هونەرییەکاندا، پاشان رێکخستنی یارییەکی تۆپی پێی ئەمریکی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبوو و داهاتێکی دارایی گرنگی بۆ تیپەکە هێنا، یاریگەکە بووەتە کانگایەکی زێڕ، بەو پێیەی نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ داهاتی لە چالاکییە بازرگانییە نوێیەکان بەدەستهێناوە. بەڵام سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێز هەوڵی زیاتر دەدات.
 
پێرێز پلانێکی نوێ رادەگەیەنێت بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی وەبەرهێنانی دەرەکیدا لەڕێگەی فرۆشتنی 10ـی پشکەکانی یانەکە، بەڵام بەمەرجێک مانەوەی خاوەندارێتی تیپەکە بۆ ئەندامەکانی مسۆگەر بکات و ئەگەری هەیە چەند سیناریۆیەک لەم بابەتەدا بخوێنرێنەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ملیاردێری فەرەنسی بێرنارد ئاڕنۆ، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بۆ ساڵی 2024، هەوڵی بەدەستهێنانی پشکێکی کەم لە ریال مەدرید دەدات و چاوەڕوانی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی دەکات.
 
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی ستراتیژی سەرۆکی ریال مەدرید دێت، کە تەمەنی 78 ساڵە و پەلە دەکات لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکی بنەڕەتی بەئامانجی راکێشانی سەرمایەی تایبەت و بەرزکردنەوەی بەهای یانەکە، کە ئێستا 10 ملیار یۆرۆی تێپەڕاندووە.
 
بێرنارد ئاڕنۆ وەبەرهێنەرێکی فەرەنسییە و تەمەنی 76 ساڵە، کۆکەرەوەی پارچەی هونەرییە، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری گەورەترین کۆمپانیای کاڵای لوکس 'گرانبەها'ـی هەیە لە جیهاندا، و سامانەکەی دەگاتە 204.9
ملیار دۆلارە.
 
بێرنارد جۆن ئیتیان ئاڕنۆ لە 5ـی ئاداری 1949 لە شاری روبێ لە باکووری فەرەنسا لەدایکبووە، لەنێو خێزانێکی دەوڵەمەنددا. باوکی ناوی جان لیۆن ئاڕنۆیە و دایکی ناوی ماری جۆزێف سافینێلە، کە کچی ئیتیان سافینێلە خاوەنی کۆمپانیای 'فیرێت سافینێل' بۆ ئەندازیاری شارستانی.