گارێس بەیڵ مەرجی گرێبەستی ریال مەدریدە لەگەڵ پۆچێتینۆ


رووداو - هەولێر

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بیر لە رازیکردنی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی تۆتێنهام دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوو راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.

رۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی رایگەیاندووە، ریال مەدرید دەیەوێت رکابەریی مانچێستەر یونایتد بکات بۆ ئەوەی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بباتە یانەکە، بەڵام تۆتێنهامیش مەرجی بۆ ریال مەدرید هەیە.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە دانیێل لیڤی، سەرۆکی یانەی تۆتێنهام دەستبەرداربوون لە پۆچێتینۆ بەهەموو شێوەیەک رەتدەکاتەوە، بەڵام لە ئەگەری دەستبەرداربوونی ریال مەدرید لە گارێس بەیڵ بۆ گەڕانەوە بۆ تۆتێنهام پێدەچێت یانەکە بە چوونی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە رازی ببێت.

بەیڵ پێشتر لە تۆتێنهام یارییکردووە و لە 2013 پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدرید کرد، وەرزی رابردوو دەنگۆی زۆر هەبوو یاریزانەکە لە یانەکە بڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یاریزانە لە یانەکە ماوە.

بەیڵ لەگەڵ ریال مەدرید 3 گۆڵی لە جامی جیهانی یانەکاندا تۆمارکرد و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لەگەڵ یانەکە بردەوە.