تێباس: ریال مەدرید، رق بڵاودەکاتەوە و قسەکردن لەسەر کێشەکانی یانەکە درۆیە
رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگا، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر یانەی ریال مەدرید و بەبەرپرسی سەرەکیی پشێوییەکان و بڵاوکردنەوەی رقی لە نێو تۆپی پێی ئیسپانیا ناوبرد. تێباس گوتی ریال مەدرید هێرشدەکاتە سەر هەمووان.
سەرۆکی لالیگا، لەگەڵ رۆژنامەی 'سپۆرت' چاوپێکەوتنی کردووە، دەڵێ، ریال مەدرید لە رێگەی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکەی و سەرۆکەکەیەوە چیرۆکی ناڕاست و شێواو دروستدەکات و دەیبەستێتەوە بەدۆسێی نێگرێراوە کە بارسێلۆنا لە نێوان 2017 و 2019 تێوەی گلاوە.
تێباس دەڵێ، "ئەوەی پشێوی دروستدەکات بارسێلۆنا نییە، یانەکانی دیکەش نین، بەڵکو ریال مەدریدە کە هێرشدەکاتە سەر هەمووان. ئەوان لە دژی بارسان، لە دژی ناوبژیوانانن، لە دژی هەموو شتێکن و پێموایە ئەوەش بەڕێگەیەکی نادروست و شێوێنراو دەکەن، هەروەها چیرۆکی هەڵە بڵاو دەکەنەوە".
سەرۆکی لالیگا دەڵێ، هەڵمەتەکەی ریال مەدرید، رقی بەردەوام دروستدەکات. دووپاتیدەکاتەوە کە دەستەی لالیگا یەکەم لایەن بوو کە سکاڵای فەرمیی لەسەر دۆسێی نێگرێرا تۆمارکرد و داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیر و سزادانی وەرزشیی کرد، ئەگەر پێویست بکات. لە کاتێکدا بەپێی یاسا، "بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە، تاوانەکە بەسەرچووە".
تێباس هەروەها باسی لە ئاستی رکابەریی لە ئیسپانیا کردووە و دەڵێ، یانە گەورەکانی وەک ریال مەدرید، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر دەبنەوە و زۆرینەی کات یان دەدۆڕێن یان یەکسان دەبن.
لەگەڵ ئەوەشدا، تێباس بوونی تەنگژەیەکی راستەقینە لە ریال مەدرید رەتدەکاتەوە، وایداناوە ئەوە "فیلمێکی دووبارەیە کە پێشتر زۆر بینراوە". ئەو سەرۆکە روونیدەکاتەوە کە گوشاری میدیایی بەردەوام یانە گەورەکان ناچاردەکات بەستایلی جوانی یارییکردنەوە ببەنەوە. بەڵام کاتێک ئەوە روونادات، دەستبەجێ سەردەکێشێت بۆ قسەکردن لەسەر هەبوونی تەنگژە، لە کاتێکدا هەمان تیپ و بەهەمان راهێنەر و یاریزانەوە، ساڵانی پێشتر بەجیاوازیی شەش خاڵ و حەوت خاڵ، نازناوی خولی دەبردەوە.
سەرۆکی لالیگا، بیرۆکەی بەراوردکردنی نێوان یانەکانی ئیسپانیا و یانەکانی ئینگلتەرا لە چامپیۆنزلیگ رەتدەکاتەوە. بەتایبەت لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە و بە "دەبەنگییەکی روون" ناویدەبات. ئاماژەی بەوەداوە کە ئەستەمە بۆ چەندین ساڵ لەسەر هەمان ئاست لە پاڵەوانێتییە کیشوەرەییەکاندا بمێنێتەوە.