بژاردەکانی ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست سوپرایزێکی گەورەی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە یانەی ریال مەدرید، ئینگۆلۆ کانتێی یاریزانی فەرەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی لە زستاندا بگوازێتەوە و کێشەکانی هێڵی ناوەڕاستی چارەسەر بکات.
لەمێژە ناوی ئینگۆلۆ کانتێ بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و وەک بژاردەیەکی نموونەیی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ هێڵی ناوەڕاستی یانە شاهانەکە، بەڵام رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵ ئاماژە بەوە دەکات کە یانەکە پێیوایە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ گواستنەوەی، بەتایبەت دوای ئەوەی تەمەنی یاریزانەکە لە سی ساڵ تێپەڕی کردووە، کارگێڕیی یانەکەش پێیوایە ئەو باشترین بژاردە نییە بۆ گرێبەستێکی درێژخایەن.
لە بەرامبەردا، فلۆرێنتینۆ پێرێز و ستافی تەکنیکی یانەکە بەدوای بژاردەی گەنج و بەپەرۆشدا دەگەڕێن بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست لە وەرزی داهاتوودا. دیارترین بژاردەکانیش بریتین لە:-
کیس سمیس
ئەستێرە هۆڵەندییەکە و خاوەنی ناسناوی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتی ئەورووپا بۆ خوار تەمەنی 19 ساڵان، کە ئێستا لە یانەی ئەلکمار یاری دەکات. بەهۆی تواناکانی و پابەندبوونی تاکتیکییەوە، وەک بژاردەیەکی گەشەدار بۆ داهاتووی ریال مەدرید سەیر دەکرێت.
ئادەم وارتۆن
یاریزانی یانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی، یەکێکە لە دیارترین ئەستێرە گەنجەکانی خولی نایابی ئینگلیزی، کە بەخێرایی لە گەشەکردندایە و توانای سەرکردایەتیکردنی هێڵی ناوەڕاستی هەیە.
لە هەمانکاتدا، کانتێ وەک ناوێکی درەوشاوە و خوازراو دەمێنێتەوە، بەڵام رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵ جەخت دەکاتەوە کە ئاستەنگەکانی پێوەست بە تەمەن و شێوازی یاریکردنی وای لە کارگێڕیی یانەکە کردووە زیاتر مەیلیان بەرەو گرێبەستکردن بێت لەگەڵ یاریزانانی گەنج کە توانای گەشەکردنی درێژخایەنیان هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ناجێگیریی ئاستی هەندێک لە یاریزانانی ئێستای هێڵی ناوەڕاست وەک ئێدواردۆ کاماڤینگا و ئاردا گولەر.
ئەو پرسیارەی هاندەران دەیکەن ئەوەیە: ئایا ئینگۆلۆ کانتێ دەبێتە بژاردە چاوەڕواننەکراوەکەی ریال مەدرید، یان پێرێز داهاتوویەکی گەنجانە هەڵدەبژێرێت؟ وەڵامەکە لەوانەیە لە کۆتایی وەرز و دوای بینینی ئاستی یاریزانەکان لە یارییەکانی داهاتوودا روون بێتەوە.