یەکەم قوربانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا
رووداو - هەولێر
جۆرج لیکێنز، راهێنەری بەلجیکی هەڵبژاردەی جەزائیر دەستلە کارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە راگەیاند.
دوای ماڵئاوایکردنی لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، پێش گەڕانەوەیان بۆ جەزائیر راهێنەرەکە لە گابۆن دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە راگەیاند.
هەڵبژاردەی جەزائیر لە سێ یاریدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێنا، لە یاری یەکەمدا بەرامبەر زیمبابۆی بە دوو گۆڵ یەکسانبوو، لە یاری دووەمدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە تونس دۆڕا و یاری سێیەمیشی بەرامبەر سەنیگال بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ کۆتاییهات و تەنیا دوو خاڵی کۆکردەوە و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە ژمارەیەکی زۆر ئەستێرەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
جۆرج لیکێنزی 67 ساڵ لە 27 مانگی 10 ساڵی 2016 بۆ پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا پۆستی راهێنەرایەتی جەزائیری وەرگرت و جێگەی میلۆڤان راجیفاچی گرتەوە، بەڵام نەیتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی سەرکەوتووبێت و دوای نزیکەی سێ مانگ کارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەکە دەستی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە کێشایەوە.