ڤیدیۆ؛ تونس نەیجیریای لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی تونس دوای 18 ساڵ گرێکوێرەی هەڵبژاردەی نەیجیریای کردەوە و لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای دەرکرد، کە بەهێزترین بەربژێری بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بوو.
 
لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکەدا هەردوو هەڵبژاردە لەسەر یاریگەی رۆمدی ئەدجیا لە شاری گاروای کامیرۆنی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و تونسییەکان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەیان بردەو و بلیتی قۆناخی هەشتییان وەرگرت.
 
نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بەڵام لە نیوەی دووەمدا، دوای تێپەڕبوونی تەنیا دوو خولەک، یوسف مەساکنی بە لێدانێکی مووشەکئاسا تۆڕی گۆڵی نەیجیریای هەژاند،
 
نەیجیریا کە لە هەرسێ یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، یەکێک بوو لە بەهێزترین بەربژێرانی نازناوەکە، زۆر هەوڵیدا گۆڵی یەکسانبوون بەدەستبهێنێت، بەڵام دەرکردنی یاریزانەکەی ئەلیکس ئییوبی لە خولەکی 66 ئەو تیپەی لە هێرشەکانی ساردکردەوە و ئەنجامەکە تا فیکەی کۆتایی یارییەکە وەک خۆی و لە بەرژەوەندی تونسدا مایەوە، کە لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی بورکینا فاسۆ دەبێتەوە، نەیجیریاش گەڕایەوە وڵاتەکەی.
 
18 ساڵ بوو تونس نەیتوانیبوو لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا لە نەیجیریا بباتەوە، کە دوایی بردنەوەی لە نەیجیریا بۆ پاڵەوانێتی 2004 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات تونسییەکان بوونە پاڵەوانی ئەفریقا.