FBI دەستگیرکردنی ئەستێرەیەکی تۆمەتبار بە کوشتن و بازرگانیی هۆشبەری راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، دەستگیرکردنی یەکێک لە داواکراوترین تۆمەتبارانیان لە مەکسیک راگەیاند، کە ئەستێرەیەکی پێشووی دونیای وەرزشە.
 
پامێلا پۆندی، داواکاری گشتیی و کاش پاتێلی بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی ناسراو بە FBI ئاشکرایانکرد، لە کردەیەکی تایبەتدا، ریان ویدینگی خلیسکێنەری پێشووی ئۆڵۆمپییان دەستگیرکردووە، کە یەکێکە لە داواکراوترین دە کەس لەلایەن FBIەوە.
 
وەک ئاشکراکراوە، دەستگیرکردنەکە لە مەکسیک ئەنجامدراوە. 
 
پاتێل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، پڕۆسەی دەسگیرکردنەکە بەهاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا و حکومەتی مەکسیک ئەنجامدراوە.
 
ویدینگ کە کەنەدییە، تۆمەتبارە بەدروستکردن و سەرپەرشتیکردنی تۆڕێکی سنووربڕی قاچاخی هۆشبەر، جیا لەوەش چەندین کاری کوشتنی ئەنجامداوە بۆ پاراستن و فراوانکردنی سنووری کارەکانی.
 
پێشتر دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، بڕی 15 ملیۆن دۆلاریان وەک پاداشت بۆ زانیاریدان لەسەر ویدینگ خستبووە روو.
 
ویدینگ تەمەنی 44 ساڵە. لە ئۆڵۆمپیاددا نوێنەرایەتیی کەنەدای کردووە لە خلیسکانی سەربەفر.
 
پۆندی دەڵێ، ویدینگ بەڕێگەی ئاسمانی، گواسترایەوە ئەمریکا، بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. ئەو وایداناوە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، جەختکردنەوەی حکومەتی ئەمریکایە لە چەسپاندنی یاسا.
 
پاتێل ئاشکرایکردووە، ویدینگ زیاتر لە دەیەیەک لە مەکسیک خۆی شاردووەتەوە. گرووپەکەی ئەو سەدان کیلۆگرام کۆکایینی لە کۆڵۆمبیاوە و بەڕێگەی مەکسیکدا، گەیاندووەتە ئەمریکا و کەنەدا.
 
پاتێل گوتی، ئەمە رۆژێکی مەزنە بۆ ئەمریکای باکوور و جیهان، بۆ ئەوەی زیاتر لە ئاسایشدا بژین، پەیامەکەشمان روونە کە ئەوانەی یاساکانمان پێشێل دەکەن و ئازاری خەڵکەکەمان دەدەن، دەبێ بدرێنە دادگا.
 
ویدینگ دوایینجار لە ئۆڵۆمپیادی 2002ی زستانە لە سۆلت لیک سیتی، بەشداریی لە رکابەرییەکانی خلیسکانی سەر بەفری پێچاوپێچ کرد و پلەی 24ی بەدەستهێنا.
 
مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا پاداشتی زانیاریدان لەسەر ویدینگی لە 10 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار زیادکرد، پاشئەوەی دووپاتیکردەوە لە مانگی حەوتی ساڵی 2024 تۆمەتبارکراوە بە سەرپەرشتیکردنی گرووپی تاوانکارانە و کوشتن و بازرگانیی هۆشبەر. 
 
هەروەها ئەوی رووبەرووی تۆمەتەکانی، گواستنەوەی بڕی زۆری کۆکایین، لە کالیفۆرنیاوە بۆ کەنەدا و کوشتنی سێ کەس و هەوڵدان بۆ کوشتنی شایەتحاڵێک تۆمەتبارکردبوو.
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا FBI گوتبووی، ویدینگ ساڵی 2023 دوو کەسی کوشتووە، پاشئەوەی بڕێک هۆشبەری لێ دزراوە لە ئۆنتاریۆی کەنەدا.
 
داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێ، ویدینگ دابەشکاری سەرەکیی کۆکایین بووە لە کەنەدا و دەستی لەگەڵ مافیای سینالوادا تێکەڵکردووە کە یەکێکە لە بەناوبانگترین مافیاکانی بازرگانیی هۆشبەر لە مەکسیک.