مێسی رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی گەشتێکی ئامادەکاری بۆ ئەمریکای باشوور ئەنجام دەدات و لیۆنێل مێسی بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا یاری دەکات. ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە یەکەم دەرکەوتنی لە ساڵی 2026 بەرامبەر یانەی ئەلیانزا لیمای پێرویی دەبێت و دواتر سێ یاریی دۆستانەی دیکە ئەنجام دەدەن.
کاژێر 1:00ـی بەرەبەیانی 25ـی ئەم مانگە بە کاتی کوردستان، یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریگەی ئەلیخاندرۆ ڤیانویڤا لە شاری لیما دەبێتە میوانی یانەی ئەلیانزا لیمای پێرویی.
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یەکەمی ئینتەرمەیامی، ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لەم یارییە دۆستانەیە نیشانداوە. میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن مێسی هێشتا بەتەواوی لە رووی جەستەییەوە ئامادە نییە، بەڵام دەیەوێت لە سەرەتاوە بەشدار بێت و پێشبینی دەکرێت لویس سوارێز لە هێڵی هێرشبەری بەسەرەکیی یاریی بکات.
ئینتەرمەیامی بە راهێنەرایەتی خاڤیێر ماسکێرانۆ، رووبەڕووی تیپێکی پێرویی دەبێتەوە. یارییەکە بۆ هاندەرانی پێرو گرنگییەکی زۆری هەیە و رێکاری تووند لە یاریگا و دەرەوەی یاریگا دەگرنەبەر. ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی ئینتەرمەیامی دەبێت لە کۆی 4 یاریی دۆستانە لە گەشتەکەیدا.
یانە ئەمریکییەکە دوای ئەم یارییە، لە 31ـی مانگی 1ـی 2026 لە کۆڵۆمبیا رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ ناسیۆناڵ دەبێتەوە. دواتر لە 7ـی مانگی 2ـی 2026 لە ئێکوادۆر بەرامبەر بارسێلۆنا ئێس سی یاری دەکات و دوایین یاریی گەشتەکەی لە 13ـی مانگی 2ـی 2026 لە پۆرتۆریکۆ بەرامبەر ئیندیپێندێنتی دێل ڤایێ دەبێت.
پێکهاتەی ئینتەرمەیامی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. درەیک کالێندەری گۆڵپارێز و فرانکۆ بارازا لەگەڵ دەیڤد ئایالای یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە تیپەکە دەبینرێن. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن سێرجیۆ بوسکێتس و جۆردی ئەلبا وازهێنانی خۆیان لە یاریکردن راگەیاند و تۆماس ئاڤیلێسیش بەخواستن رووی لە یانەیەکی دیکە کرد. راهێنەری تیپەکە ئاماژەی بەوە کردووە "ئاستی لویس سوارێز لە راهێنانەکاندا زۆر بەرزە و پێشبینی ئاستێکی بەرزی لێدەکرێت".