سەرما تەنگی بە خانمانی ئەکاد عەنکاوە هەڵچنیوە

رووداو دیجیتال

تیپی بالەی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەنوێنەرایەتی کوردستان و عێراق بەشداریی یارییەکانی خولی عەرەبی لە شاری شاریقەی ئیمارات دەکات، بەڵام سەرما و سوڵەی زستان تەنگی پێهەڵچنیون و نەبوونی شوێنێکی گەرم بۆ راهێنانیان کێشەیەکی گەورەی تیپەکەیە.
 
کاتێک سەیری ئەو خانمە وەرزشڤانانەی تیپی بالەی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەکەی، پێناچێت لەنێو هۆڵێکی داخراو بن، پۆشینی جلی گەرم و قەمسەڵەیان بۆ گەرمبوونەوە و دووربوون لە مەترسی ساردی هۆڵەکەیانە. 
 
ئەکاد عەنکاوە رۆژی سێی مانگی دووی ئەمساڵ بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیدا بەشداری خولی یارییەکانی خانمانی عەرەب لە ئیمارات دەکات، مانگێکە خانمە یاریزانانی بەهۆی کێشەی کۆنی ئامێرەکان و کارەبا ناتوانن سوود لە گەرمکەرەوەی شوێنی راهێنانەکەیان وەربگرن. 
 
نۆرما مونیر، کاپتنی بالەی یانەی ئەکاد عەنکاوە لەو بارەیەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بەسەرما و باران دێینە راهێنان و دەمانەوێت بەشێوەیەکی زۆر باش خۆمان ئامادە بکەین، بەڵام سەرمایە و ئەوەش کاریگەری لەسەرمان هەیە، بۆیە دوو بلوس و قەمسەڵە لەبەر دەکەین بۆ ئەوەی گەرممان بێتەوە". 
 
یارییەکانی خولی عەرەبی بە بەشداری شەش یانەیە و خانمانی عەنکاوە کە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقن، دوای ئەزموونکردنی پاڵەوانێتییەکانی عەرەبی و رۆژئاوای ئاسیا، ئەمجارە دەیانەوێت بەدەستێکی پڕەوە بێنەوە کوردستان. 
 
مونیر ئیسحاق، یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یانەکەی، سی و سێ ساڵە کاری راهێنەرایەتی و پێگەیاندنی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز دەکات، سەرپەرشتیاری تیپی خانمانە و ئەمجارە جیا لە یاریزانەکانی ناوخۆ گرێبەستی لەگەڵ ئانا سێرکیرۆڤای رووسی و مائیدە ئەسفەهانی ئێرانی واژۆکردووە، لەبارەی هێنانی ئەو دوو یاریزانە روونیکردەوە "دەبینن لەنێو چ سەرمایەک خۆمان ئامادە دەکەین، ئەو دوو یاریزانە پیشەگەرەش لەسەر بنەمای ئاستبەرزی گرێبەستیان لەگەڵ واژۆکراوە و چاوممان لە ئەنجامێکی گەورەیە". 
 
بە بردنەوەی شەش نازناوی عێراق و نۆ نازناوی کوردستان، تیپەکەی عەنکاوە باڵکێشترینە و خەونێک کە هێشتا بۆ ئەوان نەبووەتە راستی بەدەستهێنانی نازناوێکی نێودەوڵەتییە و هەوڵی بێوچانیان پێکانی ئامانجەکەیانە.