بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی بارسێلۆنا: سەرۆکی ریال مەدرید زۆر هاوکاریی کردووین
رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر فۆنت، بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئاشکرایکردووە، یانەکە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ریال مەدرید هەبووە، سەرۆکی ئەو یانەیەش هاوکاریی زۆری بارسێلۆنای کردووە بۆ رزگاربوون لە تەنگژە داراییەکانی.
فۆنت خۆی وەک رکابەری سەرەکیی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەکە ناساندووە و پلانی خۆی بۆ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئاشکراکردووە. فۆنت بەڵێنیداوە لە ئەگەری بوونی بەسەرۆکی یانەکە، پەیوەندی بەئەستێرەکانی پێشووەوە بکاتەوە، لەنێویاندا مێسی.
بڕیارە رۆژی 15ی مانگی سێی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا ئەنجام بدرێت و فۆنت لە ململانێیەکی توونددایە لەگەڵ لاپۆرتا.
فۆنت ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا لاپۆرتا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەیە، ئەگەرچی بەر لە کلاسیکۆی جامی سوپەری ئیسپانیا گوتبووی، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ریال مەدرید نەماوە.
فۆنت لە نوێترین لێدواندا رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی لاپۆرتا تەواوی ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی لەپەنای پێرێز بەسەربرد (کە ئەوە کارێکە پێشتر نەبینراوە، لەبەرئەوەی پێرێز هاوکارمان بوو لە گرەنتییە داراییەکان و بووژانەوە ئابوورییەکان و زۆر شتی دیکەشدا)، کەچی لاپۆرتا هاتووە و دەڵێ، پەیوەندیمان لەگەڵ ریال مەدرید پچڕاوە، ئێمە دەمانەوێت راستیی ئەو بابەتە و پچڕانی پەیوەندییەکان بزانین".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لەسەر ستەیجی شانازیی جامی سوپەر، هەردووکیانمان بینی دیارییان ئاڵوگۆڕ دەکرد، لەبەرئەوە دەبێ بپرسین لاپۆرتا باسی چ جۆرە پەیوەندی پچڕانێک دەکات؟ پێموایە بەفەرمی ئێمە هێشتا بەشێکین لە پڕۆژەی سوپەرلیگ، بۆیە ئەگەر پەیوەندییەکە پچڕاوە، دەبێ بەکردار ئەوە ببینین نەک بە قسە".
جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە ئەنجامدرا. بارسێلۆنا پاش بردنەوە بە 3 - 2 گۆڵ، نازناوەکەی بەدەستهێنا.
فۆنت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا، بەڵێنی کۆتایی هێنان بە سیاسەتی 'تاکە دەنگ' دەهێنێت، بەهۆیەوە رەخنەی تووند ئاراستەی لاپۆرتا و دەستەی ئێستای کارگێڕیی یانەکە دەکات.