4 خوو رۆناڵدۆیان لە لووتکەی گەنجیدا هێشتووەتەوە!
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا زۆربەی ئەستێرەکانی جیهان لە تەمەنی 40 ساڵیدا یان وازیان هێناوە یان لە خولە پلە دووەکان خەریکی کاتبەسەربردنن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانە زیندووەکەی پۆرتوگال و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، هەموو یاساکانی سروشت و بایۆلۆژی تێکدەشکێنێت.
نوێترین داتاکانی کاتژمێری Whoop کە هەمیشە لە دەستی 'دۆن' دایە، راستییەکی سەرسوڕهێنەریان ئاشکرا کردووە؛ رۆناڵدۆ تەمەنی 40 ساڵە، بەڵام تەمەنی بایۆلۆژییەکەی 28.9 ساڵە! واتە ئەو بە کردەوە 12 ساڵ لە تەمەنی راستەقینەی خۆی گەنجترە.
ئەم رۆبۆتە مرۆییە تەنیا بە شانس نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە، بەڵکو ئەنجامی سیستمێکی سەربازیی تووند و 4 خووی رۆژانەیە، کە وەک سێبەر لەگەڵیدان:
1 - حەوزی سەهۆڵ
رۆناڵدۆ تەنیا بۆ پشوو وەرگرتن ناچێتە نێو حەوزی سەهۆڵ Ice Bath ، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی چاکبوونەوەی خێرای ماسوولکەکانی. جیا لە سوودە جەستەییەکەی، کریستیانو زۆرجار لەبەردەم کامێراکان ئەم کارە دەکات، تا پەیامێک بۆ هاوڕێکانی بنێرێت و هانیان بدات شوێنپێی ئەو هەڵبگرن و گرنگی بە تەندروستییان بدەن.
2 - ئاو.. سووتەمەنی ژیان
لای کریستیانۆ، ئاو تەنیا بۆ تینوێتی نییە، بەڵکو کلیلی چالاکییە. ئەو بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەبڕێکی زۆر ئاو دەخواتەوە، ئەمەش وایکردووە جەستەی هەمیشە بە شێداری بمێنێتەوە و لە سووتانی چەوری و چالاککردنی بزوێنەری جەستەیدا یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت.
3 - هەناسەدان و هێزی ماسوولکە
دۆن گرنگییەکی بێوێنە بە راهێنانەکانی هەناسەدان دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنی لێدانی دڵ و کەمکردنەوەی گوشار، لەگەڵ ئەوەشدا راهێنانەکانی "گوشار - Push-ups" بەشێکی دانەبڕاون لە رۆتینەکەی کریس بۆ پاراستنی تسوندی و بەهێزیی ماسوولکەکانی سنگ و قۆڵەکانی.
4 - خواردن وەک 'وزە' نەک وەک 'چێژ'
گرنگترین نهێنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چێشتخانەکەیدایە. ئەو سەیری خواردن ناکات وەک هۆکارێک بۆ چێژوەرگرتن، بەڵکو وەک سووتەمەنی بۆ وزەکەی دەیبینێت. ژەمەکانی پڕن لە پرۆتین و دوورن لە شەکر. رۆژانە 5 بۆ 6 ژەمی بچووک دەخوات کە پێکدێن لە ماسی، پەنیر، ماست، میوە، سەوزە، و چەورییە تەندروستەکانی وەک ئەڤۆکادۆ و گوێز.
کاتێک کریستیانۆ داتاکانی کاتژمێرەکەی بینیوە کە دەڵێت تەمەنت تەنیا 28.9 ساڵە، بە پێکەنینەوە گوتوویەتی "بڕوا ناکەم ئەمە ئەوەندە نایاب بێت.. ئەمە مانای وایە دەتوانم 10 ساڵی دیکەش لەناو یاریگەکاندا بمێنمەوە!".
بەڵێ، ئەمە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.. ئەو پیاوەی نایەوێت پیر بێت و تا دوا هەناسە جەنگاوەرێکی ماندوونەناسە لەناو چیمەنی سەوزدا.