فلیک و سیمیۆنی رێککەوتوون لەسەر گۆڕینەوە ئەلڤارێز بە دوو ئەستێرەی بارسا

رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا پلانی بۆ گرێبەستێکی چاوەڕواننەکراو داناوە و ئامادەیە لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینیی  هەردوو دوو ئەستێرەی خۆی، گاڤی و کاسادۆ بداتە ئەو یانە مەدریدییە.
 
یانەی بارسێلۆنا بیر لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو دەکاتەوە بۆ ئەم هاوینە، کە لەوانەیە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا بهەژێنێت، ئەویش هەوڵدانە بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید. 
 
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە بەدوای رێگەیەکی داهێنەرانەدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گرێبەستەکە، ئەویش لە رێگەی بەشدارپێکردنی دوو یاریزانی یانەکە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە ئەوانیش گاڤی و مارک کاسادۆن؛ دوو یاریزان کە جێگەی سەرنجی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەرن.
 
ئەم بیرۆکەیە لە چوارچێوەی پلانێکی تایبەتدا دێت؛ بارسێلۆنا پێیوایە تیپەکە ئاستی رکابەریی خۆی پاراستووە سەرەرای نائامادەیی هەندێک یاریزان، هەروەها هەندێک ناوی دیکە لەم وەرزەدا وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوون، ئەمەش دەرگا بۆ گرێبەستگەلێک دەکاتەوە کە تەنیا ساڵێک لەمەوبەر مەحاڵ دەخرانەڕوو.
 
گاڤی و کاسادۆ وەک کارتی ئاڵوگۆر
 
بەهای گشتی گاڤی و کاسادۆ نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش وایکردووە یانەکە بتوانێت وەک بەشێک لە گرێبەستەکە پێشکەشیان بکات، لەگەڵ زیادکردنی نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆی کاش، بۆ ئەوەی لە داواکارییەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیک ببنەوە. گاڤی بەهۆی پێکانەوە کاتی پێویستی بۆ یاریکردن نەبووە، کاسادۆش بەهۆی هۆکاری تەکتیکییەوە دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش توانای یانەکە بۆ پێشکەشکردنی ئەم پێشنیازە بەهێزتر دەکات.
 
بارسێلۆنا پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە بڕیارە قورسەکان بدات؛ چونکە کاتی گەڕانەوەی گاڤی بۆ ئاستی پێشووی دوای پێکانەکەی نادیارە، کاسادۆش بەتەواوی لەگەڵ شێوازی تیپەکەدا نەگونجاوە، بەڵام لەوانەیە بۆ پڕۆژەکەی سیمیۆنی زۆر گونجاو بن.
 
سیمیۆنی بە ئەرێنی سەیری گرێبەستەکە دەکات
 
لە مەدرید، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی ورد لە پێشنیازەکە. سیمیۆنی سەرسامە بە رۆحیەتی رکابەریی گاڤی و پێیوایە کاسادۆ لەگەڵ شێوازە تەکتیکییەکەی ئەو دەگونجێت. جگە لەوەش بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید، گواستنەوەی یاریزانی گەنجی خاوەن توانای گەورە بژاردەیەکی سەرنجراکێشە، هەرچەندە دەزانێت رۆیشتنی ئەلڤارێز کاریگەری لەسەر تیپەکە دەبێت، بەڵام پێیوایە قەرەبووکردنەوەی بەو دوو یاریزانەی بارسێلۆنا هاوسەنگییەکە دەپارێزێت.
 
گرێبەستەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئەگەرێکی بەهێزە. ئەگەر گفتوگۆکان وەک چاوەڕوان دەکرێت برۆنە پێش، رەنگە بارسێلۆنا سەرکەوتوو بێت لە ئەنجامدانی یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی هاوینە بە گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە بەرامبەر دوو لە دیارترین ئەستێرەکانی ئەکادیمیاکەی.