ڤیدیۆ؛ بەهۆی کۆرۆناوە تۆپی پێی ئێران رووداوی سەیر بەخۆیەوە دەبینێت
لەلایەن سەفین تەها - کاردۆ شایان
دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیاریدا کە یارییەکانی رۆژی یەکشەممە بەبێ هاندەر بەڕێوەبچن، ئەمەش لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەم بڕیارە وا بە ئاسانی جێبەجێنەکرا.
دوای ئەوەی دوو یاری بەبێ هاندەر کران، ئیستقلال 2-1 لە زۆب ئەهانی بردەوە، یانەی شەهر خودرۆ 2-1 شکستی بە نەفت مەسج سولەیمان هێنا، بەڵام یاری نێوان پێرسپۆلیس و سیپاهان ئەنجامنەدرا.
یانەی سیپاهان بە قسەی خۆیان شەوی شەممە لەو بڕیارەی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران ئاگادارکراونەتەوە، چەند کاژێرێک پێش یارییەکەش هاندەرانیان بەردەم دەرگای هۆتێلەکەیان گرت، نەیانهێشت شاندی یانەکەیان لە هۆتێل بێنەدەرەوە، ئەمەش وەک ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران کە پێیان وایە غەدر لە یانەی سیپاهان کراوە، چونکە یارییەکە لە یاریگەی خۆیان بووە
شاندی یانەی سیپاهان چەند خولەکێک درەنگتر لە کاتی خۆیان گەیشتنە نێو یاریگەوە، کاتێک ئەوان گەیشتن کە یانەی پێرسپۆلیس خۆگەرمکردنەوەکانیشیان تەواوکردبوو، ئیدی هیچ یاریزانێکی سیپاهان لە پاسەکەیان دانەبەزین و نەهاتنە نێو یاریگەوە، ناوبژیوانیش بەپێی یاسا 15 خولەک چاوەڕێی یانەی میوانداریکرد، دواتر فیکەی کۆتایی لێدا.
جەلال مورادی سەرپەرشتیاری یارییەکە بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند: یارییەکە بڕیاربوو لەکاژێر 16:15 دەستپێبکات بەڵام یانەی سیپاهان لەوکاتدا لە یاریگا نەبوون، لە کاژێر 14:00 ئاگادار کراینەوە کە یانەی سیپاهان بەهۆی ناڕەزایەتی هاندەرانیانەوە لەوەی کە یارییەکە دەبێت بەبێ بوونی هاندەران بەڕێوەبچێت، لە هۆتێل گیریانخواردووە و نەیانتوانیوە بەرەو یاریگا بەڕێبکەون، ئێمە پۆلیسمان ئاگادار کردەوە و هێزێکی پۆلیسمان ناردە هۆتێلەکە، پۆلیس بە ئێمەیان گوت کە ئێستا دۆخەکە ئاساییە بەڵام یانەی سپاهان لە هۆتێلەکە نایەنە دەرەوە.
مورادی زیاتر گوتی: تەنانەت رێگەکەشمان لە هۆتێلەوە تاوەکو یاریگا بۆ پاککردنەوە کە بتوانن بەبێ هیچ کێشەیەک بگەنە یاریگە، دواتر ئەوان لەکاژێر 16:20 گەیشتنە یاریگە ( لە وێنەکاندا کە بەشێوەی راستەوخۆ دەگوازرایەوە کاژێر 16:34 گەیشتنە نێو یاریگە)، ئێمە بە سەرپەرشتیاری یانەی سیپاهانمان گوت چەند کەسێکتان لێرە بمێننەوە بۆ ئەوەی یانەی بەرامبەرتان بینن کە هاتوون، بەڵام ئەوان گوێیان لێنەگرتین و هەموویان چوونە ژووری خۆگۆڕین و تاوەکو کاژێر 17:00 ئێمە هیچ یاریزانێکی یانەی سپاهانمان نەبینی، من تەنانەت بە ناوبژیوانەکانم گوت تاوەکو کاژێر 17:25 جلەکانتان مەگۆڕن و چاوەڕێبکەن بەڵام تاوەکو ئەوکاتەش هیچ یاریزانێکی سیپاهان نەهاتنە نێو یاریگاکە.
مورادی لەکۆتایی قسەکانیدا گوتی: مەگەر دەکرێت یانەی میواندار کاژێرێک درەنگتر لە یاریگا ئامادەبێت؟ ئەگەر ئەو یارییە لە چوارچێوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بووایە، چاودێری یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، شتی وا قبوڵ دەکات کە ئێمە قبوڵی بکەین؟
ئێستا یانەی پێرسپۆلیس داوادەکات یارییەکەی بە ئەنجامی 3 بە 0 لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیاری لێبدرێت، دۆسیەکەی چووەتە کۆمیتەی رێککاریی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و ئەوان یەکلایی دەکەنەوە و ئەوەش راپۆرتی سەرپەرشتیاریی یارییەکە ئەو ئەنجامەی دیاری دەکات.