ڤیدیۆ؛ ئەردۆغان و ئینفانتینۆ یەکەم یاریگەی نێودەوڵەتی لە سەنیگال دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، هەزاران سەنیگالی کۆبوونەوە بە بۆنەی کردنەوەی یاریگەیەکی نوێ، کە جێگەی 50 هەزار هاندەر دەکاتەوە، ئەمە یەکەم یاریگەیە لەو وڵاتە کە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا دەنرێت.
 
سەنیگال کە بەمدواییە بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا بوونە پاڵەوانی ئەفریقا، مەبەستیانە بە دروستکردنی چەند یاریگەیەکی باش وڵاتەکەیان بکەنە شوێنێکی گونجاو بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان.
 
یاریگەکە دەکەوێتە دیامنیادیۆ، کە ئەو شارۆچکەیە بە دووری 30 کیلۆمەتر لە داکاری پایتەخت دروستکراوە و بە هێڵێکی شەمەندەفەری خێرا بە پایتەختەوە بەستراوە.
 
ئەم یاریگەیە کە بە ناوی عەبدوڵلا وادی سەرۆکی پێشووی سەنیگال دەکرێت، دەبێتە تاکە یاریگەی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە.
 
بەو بۆنەیەوە ئاهانگێکی جوان بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، لەگەڵ ماکی سالی سەرۆکی سەنیگال سازکرا و چەندین چالاکی ئەنجامدران.
 
ئەم یاریگەیە لە لایەن کۆمپانیای سۆمای تورکییەوە، لە ماوەی تەنیا 18 مانگدا دروستکراوە، بڕی 156 ملیار فرەنکی ئەفریقی، واتا 238 ملیۆن یۆرۆی تێچووە.
 
سەنیگال هەڵمەتێکی بۆ نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی یاریگەکانی دەستپێکردووە، بەر لەوەی ساڵی 2026 میوانداری یارییەکانی ئۆڵیمپیادی هاوینەی لاوان بکات.