ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر دێربیی باکووری کوردستانی لە وان سپۆر بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دێربیی باکووری کوردستانی بردەوە و لە دوایین خولەکەکاندا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی وان سپۆر بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکی کوردستانیانەی سەرنجڕاکێشدا، لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی وان سپۆری کرد، یارییەکە دیمەنی سەرنجڕاکێشی تێدابوو و هاندەرانی هەردوولا بە جوانترین شێوە پاڵپشتیی یانەکانیان کرد.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هەردوو تیپ چەند جارێک خۆیان لە گۆڵی یەکدی نزیککردەوە، بەڵام بە ئەنجامێکی سپی نیوەی یەکەمی یارییەکە تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا تیپەکەی مەسعود بەقاڵ، هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی یانەی میوان چڕکردەوە و مەترسیی زیاتری خستە سەر گۆڵی وان سپۆر، دوای لە دەستدانی چەند هەلێک، لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا ئافێنا جیان گۆڵێکی بۆ ئامەدسپۆر تۆمارکرد و یاریگەی پڕکرد لە ئاهەنگ و خۆشی.
 
کەسک و سوور بەو گۆڵە یارییەکەی بردەوە و درێژەی دایە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
 
ئێستا ئامەدسپۆر 54 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، تەنیا 3 خاڵ لە ئەرزوروم سپۆری یەکەمەوە دوورە.
 
یانەی وان سپۆر چووە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکە و خاوەنی 38 خاڵە.