ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بمێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بمێنێتەوە، کاتێک لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی کلەب برووجی بەلجیکی یاریی دەکات.
 
لە یەکەم یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا، کاژێر 20:45 یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی کلەب برووجی بەلجیکی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
لە یاریی چووندا یانە بەلجیکییەکە لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، ئاتلێتیکۆ مەدریدی لە بردنەوە بێبەشکرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهاتووە و ئەمشەو یەکێکیان دەگاتە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
رۆژی دووشەممە هەردوو تیپ دوایین ئامادەکارییان لە مەدرید ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی دوایین یاریی لە لالیگادا بردووەتەوە و بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید 9 جار بەرامبەر کلەب برووج یارییکردووە، 3 بردنەوە، 3 دۆڕان و 3 یەکسانبوونی هەیە، بەڵام هیچ جارێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئەو یانەیە نەدۆڕاوە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و کلەب برووج لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی لیڤەرپوول و تۆتێنهام یاریی دەکات.