هەڵوێستێکی گەورە لە رۆناڵدۆوە.. کریس لە تەندروستیی پاڵەوانێکی ئۆڵیمپی دەپرسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ لە هەڵوێستێکی مرۆڤانەی گەورەدا لە پاڵەوانێکی ئۆڵیمپی دەپرسێتەوە، کە لە ئۆڵیمپیادی زستانەی میلانۆدا تووشی پێکانبووە.
 
رۆناڵدۆ لە ئینستاگرام پەیامێکی بۆ لیندسی ڤۆن، خانمە خلیسکێنەری ئەمریکی ناردووە، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە میلانۆ تووشی پێکانێکی قورس بوو و لە رکابەرییەکان دوورکەوتەوە.
 
ڤۆن لە کاتی خلیسکانێی سەر بەفردا دوای تەنیا 13 چرکە بەهۆی ئەوەی بەر رێڕەوەکانی یارییەکە کەوت، بەشێوەیەکی زۆر سەیر بەربووەوە و تووشی پێکانێکی قورس بوو، بەو هۆیەوە یاریزانەکە بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
رۆژی دووشەممە خانمە ئەمریکییەکە لە ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و لەبارەی پێکانەکەیەوە قسەیکرد و دەڵێت "شکانێکی ئاڵۆزم لە قاچمدا تووشبووە و سەری ئێسکی پۆلەکەشم شکاوە و پارچە پارچە بووە و زەبرێکی گەورەی بەر جەستەی کەوتووە و خوێنێکی زۆری تێدا قەتیس بووە."
 
دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆمێنت بۆ لیندسی ڤۆن دەنووسێت" پاڵەوانەکان بەو ساتانە پێناسە دەکرێن کە تێیدا سەردەکەون و بە ساتانەی کە رەتیدەکەنەوە کۆڵ بدەن، لیندسی ڤۆن، ئەو چیا و کێوانەی تۆ بەزاندت، هەرگیز لەو هێزەی لە ناختدایە گەورەتر نەبوون، بەردەوامبە لە جەنگان، ئەفسانەکان هەمیشە هەڵدەستنەوە."
 
ڤۆن بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا لە ئیتاڵیا نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دوای دوو هەفتەی سەخت و پڕ ئازار ئێستا لە ماڵەوە چارەسەرییەکانی وەردەگرێت.