ناوبژیوانی یارییەکەی ریال و بێنفیکا پێشتر لە رووداوێکی تاوانکارییەوە گلاوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستنیشانکردنی ناوبژیوانی یاریی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا، لە پلەی ئۆفی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، بەبیری میدیای کەتەلۆنیای هێناوەتەوە کە پێشتر ناوبژیوانەکە، لە رووداوێکی پەیوەست بە هۆشبەر، چەک و لەشفرۆشییەوە گلاوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) رایگەیاند، سلاڤکۆ ڤینیچیچ یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بێنفیکا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەبات.
یوفا هەروەها ئاشکرایکردووە، تۆماس کلانیچ و ئاندراز کۆڤاسیچ، هاوکاریی ناوبژیوانی سەرەکیی دەکەن لە بەڕێوەبردنی یارییەکە کە شەوی چوارشەممە ئەنجامدەدرێت.
لە یاریی چووندا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
یارییەکە، پێشبینیکراوە رووداوی سەرنجڕاکێش بەخۆوە ببینێت، بەتایبەت پاش ئەو رووداوەی لە یاریی چووندا لە نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جیانلوکا پرێستیانی روویدا.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ناوی ڤینیچیچ پێشتر لە رووداوێکدا هێنراوە، کە ساڵی 2020 روویداوە و رووداوەکەش پەیوەست بووە بە تۆڕێک کە لەشفرۆشی، هۆشبەر و چەکی بەقاچاخ فرۆشتووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بە راپۆرتی رۆژنامەیەکی نێوخۆیی کرواتی کردووە و دەڵێ، ساڵی 2020 پۆلیسی وڵاتەکە تۆڕێکی تێوەگلاو لە بازرگانیی سێکس، چەک و هۆشبەری لە شاری پێلینییا لە بۆسنیا دەستگیرکردووە، کە ئامانج لێی لەکارخستنی تۆڕە فراوانەکەی بازرگانی بووە.
لەو رووداوەدا کە پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر چەند شوێنێک، 35 کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، لە نێویاندا 9 ئافرەت و 26 پیاو، هەروەها دەست بەسەر 10 دەمانچە و 14 کیسە کۆکایین و 9 حەبی هۆشبەردا گیراوە، لەگەڵ بڕێک پارە و کەلوپەلی دیکەش.
رۆژنامەکە دەڵێ، ڤینیچیچ لە نێو جەرگەی رووداوەکەدابووە کاتێک پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر شوێنەکە و دەستگیرکراوە.
ڤینیچیچ وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ئەوکات گوتویەتی کە ئەو بەڕێکەوت لەو شوێنەدا بووە، روونیکردووەتەوە ئەو لە بۆسنیا بووە بۆ کاروباری کۆمپانیا تایبەتەکەی خۆی، بەرلەوەی بچێتە ئێوارەخوانێک و بەبێئەوەی ئاگای لێبێت، بکەوێتە نێو بەسەردادانەکەی پۆلیسەوە.
ئەو ناوبژیوانە، رووداوەکەی بە 'گەورەترین هەڵە لە ژیانیدا' ناوبردووە، دووپاتیکردووەتەوە زۆر پەشیمانە.
ڤینیچیچ گوتویەتی ئەو لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارەکانی دانیشتووە لە رێستورانتێک، کاتێک پۆلیس بەسەر شوێنەکەیداداوە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کە پۆلیس تەنیا وەک شایەتحاڵێک ئەویان بانگهێشتکردووە و دواتر بەبێئەوەی هیچ تۆمەتێکی ئاراستە بکرێت ئازادکراوە، بەبێئەوەی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەو و گرووپە تاوانکارەکەدا بسەلمێنرێت.
وێڕای ئەو رووداوە، ڤینیچیچ لە کارکردن وەک ناوبژیوان بەردەوام بووە بەسەرکەوتووی و ساڵی 2024 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتمۆند لەسەر یاریگەی وێمبلی بەڕێوەبرد.