پێدری: یامال لە رەمەزاندا خووەکەی گۆڕیوە

رووداو دیجیتاڵ

 

پێدری، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند کە دەیەوێت ئەستێرەیەکی ریال مەدرید بگوازێتەوە ریزەکانی بلاوگرانا و گوتی "هانزی فلیک راهێنەرێکی زۆر تووندە لەڕووی رێکخستن و دیسپلینەوە"، هەروەها گوتی "لامین یامال لەگەڵ رەمەزان وازی لە خووەکی هێناوە".
 
پێدری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا، لەو هەڤپەیڤینەدا ناوی ئەو یاریزانەی ئاشکراکرد کە حەزدەکات لە رکابەرە مێژووییەکەیان واتا ریال مەدریدەوە بیهێنێتە تیپەکەی، هەروەها ئاماژەی بەو خووە کرد کە لامین یامالی هاوڕێی لە مانگی رەمەزاندا وازی لێهێنابوو.
 
پێدری لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی  ئێل هۆرمیگوێرۆدا گوتی "ئێمە لە بارسا بڕوامان وایە کە هەموو ئەو نازناوانە دەبەینەوە کە لەبەردەستماندان، تاوەکو لەناو رکابەرییەکاندا ماوین دەتوانین نازناو ببەینەوە".
 
پێدری هەروەها پەسنی هانزی فلیکی راهێنەری بلۆگرانای دا و گوتی "ئەو راهێنەرێکی لێهاتووە، لە هەمانکاتدا ئەم راهێنەرە ئەڵمانییە دیسپلینێکی تووند لە ژووری جلگۆڕیندا دەسەپێنێت.. ئەو سەبارەت بە کاتەکان زۆر تووندە".
 
یاریزانەکەی بارسێلۆنا گوتیشی "حەزدەکات جلەکانمان لەسەر زەوی کۆبکەینەوە. ئەگەر  لە رۆژی یارییدا دواکەوتیت سزای دارایی دەدرێت. ئەگەر 20 خولەک دواکەوتیت، باشتروایە هەر لە ماڵەوە بمێنیتەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا پێدری گوتی "سزای 10 خولەک دواکەوتن دەگاتە 40 هەزار یۆرۆ، بەڵام دواکەوتن لە رۆژی یارییەکەدا نیشانەی کەمتەرخەمییە، بۆیە من یەکێکم لەوانەی هەمیشە زۆر زوو دەگەم".
 
سەبارەت بەو یاریزانەی ریال مەدرید کە حەزدەکات گرێبەستی لەگەڵ بکەن، گوتی "دەتوانم کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی هەڵبژێرم".
 
سەبارەت بەو یاریزانانەی کە زۆرترین دەنگەدەنگ لە ژووری جلگۆڕیندا دروست دەکەن، پێدری گوتی "کۆندێ و ئۆلمۆن، لە کاتێکدا لامین یامال بەرپرسی پەخشکردنی گۆرانییەکانە بە دی جەی، تەنیا لە مانگی رەمەزاندا نەبێت، چونکە بەهۆی ئەو مانگەوە ئەو کارە ئەنجام نادات".