ڤیدیۆ؛ وڵاتێک زۆربەی خەڵکەکەی خەریکی دۆمینەن
رووداو دیجیتاڵ
لەوانەیە بگوترێت دۆمینە وەرزش نییە، بەڵام کاتێک لە وڵاتێکدا نزیکەی 75٪ـی خەڵکەکەی یاریی دۆمینە بکەن و یەکێتیی دۆمینەی ئەو وڵاتە هەبێت، ساڵانە پاڵەوانێتی گەورە ئەنجام بدرێت، ئیدی ئەو یارییە یەکێکە لە گرنگترین وەرزشەکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر گرنگترینیش نەبێت.
ئەم واقیعە لە ڤێنزویلا هەیە، ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور، کە ژمارەی دانیشتووانی 30 ملیۆن کەسە و بە شایەتی ئیڤراین ڤیلاسکێزی سەرۆکی یەکێتیی دۆمینەی ڤێنزویلا، 22 ملیۆن ڤێنزویلی ئەو یارییە دەکەن.
ئیڤرین رۆدریگێز، یەکێکە لەو یاریزانانی ساڵانە بەشداری لە پاڵەوانێتی دۆمینەدا دەکات، ئەو ئەمجارە دۆڕاوە و هەمووان گاڵتەی پێدەکەن.
ئیڤرین رۆدریگێز، دەڵێت "من ئەمڕۆ دۆڕام بەبێ ئەوەی یەک خاڵیش بەدەستبێنم، ئەوان گاڵتەیان پێکردم، بۆیە رۆیشتم و یارییەکەم جێهێشت، یارییەکە وایە ئەوەی بدۆڕێت گاڵتەی پێدەکرێت".
لە هەموو شار و گوندێکی ڤێنزویلا، دۆمینە پێگەیەکی گرنگی لای گەورە و بچووک هەیە، نەریتێکی کۆن و رەسەنی ڤێنزویلییەکانە، ئەوان چێژ لە یارییەکە وەردەگرن و لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانن دەستبەرداری ئەو یارییە ببن.
لە هۆلێکی یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری ڤالێنسیا، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ڤێنزویلا، یەکێک لە چوار پاڵەوانێتییە گەورەکانی ساڵ ئەنجام دەدرێت، کە 300 یاریزانی پیشەگەر رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن.
لویس مارکینا، کە 7 جار نازناوی پاڵەوانێتی جیهانی بردووەتەوە، کارلۆس مارکینای براشی 6 جار بووەتە پاڵەوانی جیهان، پێیوایە دۆمینە وەرزش و رکابەرییە.
لویس مارکینا، دەڵێت "سەبارەت بە من و براکەم، دۆمینە بۆ ئێمە وەرزشە، رکابەری و چێژە، ئێمە وەک وەرزش سەیری دەکەین، ئێمە بە شانازییەوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان دەکەین، مەدالیا بۆ ڤێنزویلییەکان و وڵاتەکەمان و خانەوادەکەمان دەبەینەوە، بێگومان دۆمینە لای ئێمە وەرزشە.
دۆمینە لەو وڵاتەدا هێندە گرنگ و جێگەی بایەخە، لە هەموو دوکان و یانەیەکیشدا دەکرێت، تەنانەت یانەی تایبەت بە دۆمینە بۆ پیاوە بە تەمەن و خانەنشینەکان لە سەرجەم شار و شاروچکەکانی ئەو وڵاتەدا کراونەتەوە.
رافایێل کالدێرا، سەرۆکی پێشووی ڤێنزویلا، لە پێشەکی کتێبی "هونەری بیست و هەشت پارچە"ـی ئەلفرێدۆ فێرناندێز بۆراسدا، دەڵێت "یاریی دۆمینە لە ڤێنزویلا بۆ هەموو تەمەنەکان رێگەیەکە بۆ بەسەربردنی کاتێک خۆش، بۆ گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، شار و دێهات". کەوتە دۆمینە شتێکی گرنگە لە ژیانی ڤێنزویلییەکاندا.